” زۆر جار لە لایەن كۆمەڵە كەسانێك بەربەست بۆ چالاكییەكانمان دروست كراوە بەڵام كۆڵمان نەداوە “
” تا ئێستا هیچ لایەنێك سپۆنسەری چالاكیەكانمان ناكات “
دیدار-محەمەد هەسنانی
سەرۆكی سەنتەری پەرەپێدان و پێگەیاندنی دێڵزیان، لە دیدارێكی زاری كرمانجی دەڵێت: “كاردەكەین بە ئامانجی هەوڵدان بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی توانای تاكەكان و ڕاهێنانی گەنجانمان و بۆ ئەوەی بتوانن سود لە بەهرەكانیان وەربگرن و لەڕێگای ڕاهێنانەوە هەلی كار بۆ خۆیان بدۆزنەوە.
لەبەردەوامی قسەكانیدا هیمداد ڕەفعەت، سەرۆكی سەنتەری پەرەپێدان و پێگەیاندنی دێڵزیان، بەزاری كرمانجی گووت : “سەنتەرەكەمان ، لە ساڵی 2013 لەسەر دەستی كۆمەڵێك گەنجی (دێڵزیان) دامەزراوە، كە ئێستا زۆرینەی ئەو كەسانەی دەستیان هەبوو لە دامەزراندنی ئەم سەنتەرە، مامۆستای زانكۆن و بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایان هەیە، ئامانج لە كردنەوەی ئەم سەنتەرە گرنگیدان بوو بە خەڵكی دەڤەرەكە بە شێوەیەكی گشتی دەستكراوین كە زیاتر لە 10 بواری جیاواز كار بكەین، بە ئامانجی هەوڵدان بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی توانای تاكەكان و ڕاهێنانی گەنجانمان و بۆ ئەوەی بتوانن سود لە بەهرەكانیان وەرگرن و لەڕێگای ڕاهێنانەوە هەلی كار بۆ خۆیان بدۆزنەوە، ئاستی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و پەروەردەییان بەرز بكەنەوە و ببنە تاكی نموونەی كۆمەڵگەكەیان”.
دەشڵێت: “سەنتەرەكەمان تایبەتمەندیەكی جیاوازی هەیە، لە هەموو سەنتەرەكانی تری كوردستان تاكە سەنتەرین كە بەم شێوە جیاوازە كار دەكەین، كار و چالاكییەكانی سەنتەرەكەمان فرەچەشن و جیاوازن وەك سەنتەرەكانی تر نین، ئێمە دەتوانین لە چەندین بواری جیاواز چالاكی ئەنجام بدەین، وەك (چالاكی هونەری، وەرزشی، ڕۆشنبیری، دارایی و ئابووری، تەندروستی، كۆمەڵایەتی، سیاسی، پیشەیی، پێگەیاندن، مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین) بە هەموو لایەنەكانیەوە، هەروەها پەرەپێدانی كلتووری خودبژێوی و رەخساندنی هەلی كار لەرێگای راهێنان لە بوارە جیاوازەكان”.
هیمداد ڕەفعەت، راشیدەگەیەنێن: “لە ڕابردوو سەنتەرەكەمان لەسەر هەموو ئەو بوارانەی ئاماژەمان پێدا كارمان كردووە و كاریش دەكەین لە داهاتوودا بتوانین جێگای ڕەزامەندی گەنج و لاو و خوازیارانی پێگەیاندن بین لە سنوورەكەمان، كۆمەڵێك بەرنامە و پڕۆگرام و داواكاری و پێشنیارمان ئاراستەی لایەنە پەیوەندارەكان و بە تایبەت ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لایەنە پەیوەندارەكانی تر كردووە، بۆ ئەوەی بتوانین سۆران بكەینە نموونەیەكی جوانتر، وە بتوانین تاكی كاریگەر پێبگەینین بۆ داهاتوو و بۆ ئەوەی بتوانین كۆمەڵگایەكی تەندروستمان هەبێت، كۆمەڵیك بەرنامە و پڕۆژە و كارمان لەبەر دەستە، ئەگەر لایەنە پەیوەندارەكان و بازرگان و كەسایەتییەكان بتوانن پشتگیریمان بكەن، دەتوانین زۆر بە جوانی و بە ڕێكی لە سنووری سۆران جێبەجێیان بكەین و ببنە جێگای ڕەزامەندی هەموو هاووڵاتییانی دەڤەرەكە”.
سەرۆكی سەنتەری پەرەپێدان و پێگەیاندنی دێڵزیان، ئاماژەی بەوەشدا: “سنزوری چالاكی سەنتەرەكەمان بریتیە لە قەزای (سۆران ناحیەی دیانا گەڕەكی دێڵزیان) كاتێك سۆران قەزا بوو، هیچ كەسێك لە سنووری ئیدارەی سۆران لە چالاكیەكانمان بێ بەش نییە، لە هەر شوێنێك كەسێك ویستی بەشداری كردنی هەبێت لە چالاكیەكانمان بێ بەش ناكرێت، لە كۆبوونەوەی دەستەی كارگێری باس لە فراوانكردنی سنوری چالاكیمان كراوە، هەروەها لە كۆبوونەوەیەكی دەستەی گشتی سەنتەرەكەمان هەوڵدەدەین سنوری چالاكیمان فراوان بكەین، ئەویش بەشێوەی دەنگدان دەبێت لە نێو ئەندامانی دەستەی گشتی ئەگەر دەنگی پێویست بهێنت بە زیاتر لە (٥٠٪ +١).”.
دەشڵێت: “لایەنە پەیوەندارەكان لە ڕووی معنەوەیەوە زۆر هاوكارمانن و دەرگاكان واڵان بۆ سەنتەرەكەمان و چالاكییەكانمان، بەڵام زۆربەی جار پێویستمان بە سپۆنسەر و پاڵپشتی داراییش هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین كارەكانمان بە شێوەیەكی ڕێك و پێك و وەك چۆن بەرنامەی بۆ داڕێژراوە ئەنجام بدەین، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێك سپۆنسەری چالاكیەكانمان ناكات، ئەوە چالاكیانەی لە ماوەی ڕابردوو ئەنجاممان داون لەسەر ئەرك و سپۆنسەری بەرپرسی سەنتەر و ئەندامانی دەستەی كارگێری سەنتەرەكەمان ئەنجامدراون، دەمەوێت لێرەوە زۆر سوپاسی (لایەنە پەیوەندارەكان، بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ناوەخۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كۆلێژی تەكنیكی سۆران، زانكۆی سۆران، قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی سۆران) بكەم، كە هەمیشە پاڵپشت و ئاسانكگاریان بۆ كردووین لە ئەنجامدانی كار و چالاكییەكان”.
هیمداد ڕەفعەت ئەوەش دەخاتەڕوو: ” ئێمە لە سنوورێكی جوگرافیای دیاریكراو چالاكییەكانمان ئەنجام دەدەین، كاركردن لەم سنوورە پێویستی بە لە خۆبوردەیەكی تەواو هەیە، لەوانیە زۆر جار لە كاتی ئەنجامدانی چالاكیەكان بەربەست و ڕێگری بێتە پێش تیمەكەمان و ئەندامانی دەستەی كارگێری، بەڵام لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەندامانی دەستەی كارگێری بە دوو ڕۆژ لە دوای ئەنجامدانی كۆنفرانس، هەموومان كۆك بووین لەسەر ئەوەی ئێمە خزمەتی سنورەكە دەكەین، وە هیچ كەس لە ئێمە چاوی لەوە نییە پاداشت بكرێتەوە، بۆیە كە ئێمە بڕیارمانداوە خزمەت بكەین و كۆڵنەدەین لە خزمەتكردن و تێپەڕاندنی بەربەستەكان”.
لە كۆتا قسەكانیدا دەڵێت: ” لەوانیە زۆر جار لە لایەن كۆمەڵە كەسانێك بەربەست بۆ چالاكییەكانمان دروست كرابێت و نەهێلرابێت لە بەشێك لە شوێنە گشتیەكان چالاكیەكانمان ئەنجام بدەین، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە ئەگەر لە شوێنك دەرگامان لەسەر داخرا بێت لە 10 شوێنی تر دەرگاكان واڵا كراون.

































































