زاری كرمانجی :
دوو مانگ زیاترە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە ڕەوانە نەكراوە، ئەمەش گرفتی زۆری بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران دروست كردووە .
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بە ئامانجی جێبەجێكردنی یاسای بودجە و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، بڕیاری دا لیژنەیەكی باڵا بە سەرۆكایەتیی وەزیری پلاندانان پێكبهێنێت، بۆ تاوتوێكردنی دۆسیەی داهات و مووچەی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای دوو ڕەشنووس كە لەلایەن هەولێر و بەغداوە پێشكەش كراون، ئەمڕۆش لیژنەكە كۆبوونەوەی هەیە.
لیژنەی باڵای دۆزینەوەی چارەسەر بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری پلاندانان، بە ئەندامێتیی وەزیرانی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، خوێندنی باڵا، داد و تەندروستی و داراییە.
بڕیارە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لیژنەكە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجام بدات و تێدا راپۆرتێك ئامادە بكات، بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان و دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەكی گونجاو بۆ ئەو پرسە.

































































