م. سیروان شێخ حاجی
بەرپرسی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە
كێشەی كەمی ئاو یەكێكە لە كێشە ژینگەییەكان لە زۆر ناوچەدا، رەنگە تۆ ئاوی پێویستت هەبێت بتوانی زیادەڕۆیی بكەی لە بەكارهێنانی، بەڵام گەڕەكێكی تر و ماڵێكی تر ئاویان بۆ نەچێت، بۆیە هەست بە گرینگی ئاو بكە ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەچاو بكە:
١- ئەو بۆڕی و شێرەیەیی كە ئاویان لێدەچێت بەزووترین كات چاكیان بكەوە، هەوڵبدە ئەو بۆڕی و پێداویستیانە بەكاربهێنیت كە بڕێكی كەمتر ئاویان لێوە دێت.
٢- لەكاتی قاپ شوردندا یاخود ددان شوردندا یاخود شوشتنی هەر كەلو پەلێكی تردا هەوڵبدە ئاوەكە بە بەردەوامی بەكراوەیی جێ مەهێڵە، بیرلەوە بكەرەوە كە بە چ ڕێگایەك كەمترین ئاو بەفیڕۆ دەڕوات بەو ڕێگایە ئیشەكانی خۆت بكە.
٣- بۆچەند پارچەیەكی كەم لە جل یاخود چەند قاپێك غەسالەكەت بەكار مەهێنە بەڵكو قاپەكانت یاخود جلەكانت كۆبكەرەوە و دواتر هەمویان بەیەكجار بش.
٤- ئاو زیاتر لە پێویست بەكارمەهێنە بۆ ئاودانی گوڵ و چیمەن و سەوزای ماڵەكانتان.
٥- ئاوی خواردنەوە یاخود ئاوی پاكی ماڵان بۆ شوشتنی سەیارە بە كار مەهێنە.
٦- لە كاتی شوشتنی بەر دەرگاو حەوشەی ماڵەكانتان تكایە تا دەتوانی كەمتر ئاو بەكار بهێنە( بەتایبەتی خانمان).
هیوادارین هەموو لایەك پابەندی ڕێنماییەكان بین و ئاو بەفیڕۆ نەدەین، چونكە سامانێكی گشتییەو سەرچاوەی سەوزایی و هەموو بوونەوەرێكی سەر زەووییە.

































































