سالار محەممەد “ئەگەر گەنجان بە شێوەیەكی تەندروست مامەڵە لەگەڵ AI بكەن، ئەوە دەبێتە مامۆستا و پەروەردكارێكی باش، بە پێچەوانەوە AI زۆر بە دڵڕەقی و بێ ویژدانانە مامەڵە بە چارەنووس و داهاتووتان دەكات.”
ژیری دەستكرد ” AI ئامرازێكی بەهێزە كە دەتوانێت ڕێگای گەنجان بكاتەوە، بەڵام پێویستە بە ژیرانە و بەرپرسیارانە بەكاربهێنرێت.”
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ژیری دەستكرد كە بە ئینگلیزییەكەی پێ دەگوترێت (AI) Artificial intelligence پێشكەوتنێكی تەكنۆلۆژییە بە بەكارهێنانی زمانەكانی پرۆگرام بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، لە ئێستادا (AI) خەریكە دەبێتە بەشێكی ئاسایی لە ژیانی ڕۆژانەماندا، پێمان خۆش بێت یان نا. كاریگەری لەسەر هەموو شتێك هەیە لە چۆنیەتی كارلێككردنمان لەگەڵ تەكنۆلۆژیاوە تا چۆنیەتی فێربوون و پەیوەندیكردن.
بەڵام شارەزایانی بواری تەكنۆلۆژیا لە جیهان، تا ڕادەیەك ترسیان لە شۆڕشی AI هەیە بەوەی لایەنی نەرێنی ئەم تەكنۆلۆژییە بەسەر لایەنی ئەرێنی زاڵ بێت و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەرەو كارەسات ببات .
بەشێك لە گەنجانی ئیدارەی سۆران، پێیان وایە هەموو تەكنۆلۆژیایەك مەترسی تایبەتی خۆی هەیە و دەبێت بە شێوەیەكی ئەخلاقی بەكار بهێنرێت و دەشڵێن كە AI لە پاڵ ئامرازە بەهێزەكانی لە پەروەردە و فێركردندا، لایەنێكی دیكەشی هەیە ئەگەر بە شێوەیەكی نایاسایی و بۆ كاری خراپ بەكار بهێنرێت، ژیانی گەنجان دەخاتە مەترسییەوە.
سالار محەممەد، داواكارە لە لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەردەوامبوونی پەرەسەندنی AI، بەدواداچوون بۆ كاریگەری ئەرێنی و نەرێنی ئەم تەكنۆلۆژیا بكات لە سەر گەنجان تاكوو نەبێتە ئامرازێكی مەترسیدار و دەڵێ “بە گشتی گەنجان و منداڵانی ئێمە لە نێو جیهانی دیجیتاڵیدا گەورە دەبن، بۆیە لەگەڵ دەركەوتنی هەر تەكنۆلۆژیایەكی نوێی كاریگەری ئەرێنی و نەرێنییان لەسەر دروست دەكات، AI بە خێرایەكی زۆر و بە كۆمەڵێك دەرفەتی زۆر پێشكەوتوو خزاوەتە ناو كۆمەڵگەكەمان، جا ئەگەر وەكوو ڕابردوو هەر وەكوو چۆن بە شێوەیەكی نادروست و دوور لە هۆشیاری و تێگەیشتن، ئینتەرنێت و سەتەلایت و مۆبایلی زیرەكمان بەكارهێنا، ئاواش هەڵسوكەوت لەگەڵ AI بكەین، بە دڵنیایەوە كاریگەری خراپ لە سەر ژیانی ئێمەی گەنجان بە تایبەتی دروست دەكات و كێشە كۆمەڵایەتییەكانیش زیاتر دەبن،”
سالار داوا لە گەنجانیش دەكات هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ AI بكەن و دەڵێ “بێگومان AI دونیایەكی فراوانە لە پێگەیاندن و پەروەردە و فێركردن، بەو هیوایەم گەنجانی ئێمە تەنیا لەو مەجالەدا سوودی لێ وەربگرن و بە شێوەیەكی تەندروست بەكاری بهێنن، جا ئەو كات AI دەبێتە مامۆستا و پەروەردكارێكی باش، بە پێچەوانەوە ئەگەر بۆ كاری خراپ بەكاری بهێنن ئەوە هیچ شتێك لە AI لە بەرامبەر داهاتوو و چارەنووسی خۆتان دڵڕەقتر بە خراپتر و بێویژدانتر نابینیتەوە.”
چیا خورشید مەحموود، بەم شێوەیە باس لە ژیری دەستكرد دەكات و دەڵێ “یەكێكە لەو ئامرازانەی كارەكانی بۆ مرۆڤ ئاسان كردووە و ڕۆژانە بە ملیۆنان خەڵك لە جیهان لە پێناو ڕاپەڕاندنی ئەرك و كارەكانیان سوودی لێ وەردەگرن بە تایبەتی لە سیستەمی ئەلیكترۆنی،”
چیا ئەوەش دەڵێ “ژیری دەستكرد AI توانی بە زوویی لەگەڵ ژیانی خەڵك تێكەڵ ببێت و ئەركی سەر شانی مرۆڤەكان بە گشتی و گەنجان و قوتابییان بە تایبەتی سووكتر بكات، جگە لەوەش ئەم تەكنۆلۆژییە نوێیە زانیاری گرنگمان پێ دەدات دەربارەی پێشكەوتنی جیهان بەرەو پێشبردنی داهێنانی نوێ لە جیهان،”
لەبارەی كاریگەری ئەرێنی و نەرێنی ژیریی دەستكرد لەسەر گەنجان، چیا بەم شێوەیە قسە دەكات و دەڵێ “لایەنی باشی ژیری دەستكرد، كار ئاسانی زۆری كردووە بۆ گەنجان و ڕۆژانە زانیاری گرنگی لێ وەردەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین بەرنامەی نوێ دەستەبەر كردووە و ئاسانی زۆر دەكات بە تایبەتیش لە بواری خزمەتگوزاری و دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیان، لایەنی خراپ و زیانەكانی ژیری دەستكرد لەسەر گەنجان، وا لە گەنجان دەكات بەردەوام خەریكی بەكارهێنانی ئامرازەكانی تەكنۆلۆژیا بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی بیروبۆچوون و كەمبوونەوەی هێزی گەنج كە نەتوانێت وەكوو پێویست بیر لە داهاتووی خۆی بكاتەوە و سەرقاڵی بەفیڕۆدانی كات دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازی گەنج، هەروەها دەبێتە هۆی دروستبوونی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی چەندەها كێشەی كۆمەڵگە، هۆكارێكی دیكەی تەكنۆلۆژیا وا دەكات بەردەوام گەنج هەست بە دڵەڕاوكێ دەروونی بكات و بیركردنەوەیان لاواز بكات و بەرەو كاری خراپ ببات.”
سیروان عەزیز مستەفا، گەنجێكی دیكەی دانیشتووی ئیدارەی سۆرانە، ئەویش بەم شێوەیە باس لە ژیری دەستكرد دەكات “ژیری دەستكرد تەكنۆلۆژییەكی نوێیە لە ماوەیەكی كەم دا توانی خۆی تێكەڵی كاروباری ڕۆژانەی خەڵك بكات و لە سەرتاسەری جیهان كاری خۆی بكات و ئاسانكاری زۆر بۆ كاروباری ڕۆژانەی خەڵك بكات، AI سەردەمێكی نوێ لە جیهان دروست كردووە،”
سیروان باس لە سوود و زیانەكانی ژیری دەستكرد دەكات لە سەر گەنجان و دەڵێ “گەنجان لە زۆر ڕووەوە توانیویانە سوودی زۆر لەم تەكنۆلۆژیا نوێیە وەربگرن، هەم لە ڕووی تەكنیكییەوە شارەزای دروست بكەن و داهێنان دروست بكەن و هەمیش چەندەها بەرنامە و ئەكاونتی نوێ دروست بكەن كە وا دەكات بە ئاسانترین شێوە لەڕێگەی سیستەمی ئەلیكترۆنی كارەكانی خۆیان ئەنجام بدەن و لەگەڵ ئەوەش دەتوانن لەو ڕێگایەوە كار لە سەر هۆشیاری و بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی خۆیان بكەن، هاوكات ژیری دەستكرد یش وەك زۆربەی پلاتفۆرمەكانی دیكەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بێ زیان و كێشە نییە، ئەگەر گەنجان هۆشیار نەبن لە بەكارهێنانی ئەم تەكنۆلۆژیا، دەكەونە نێو كێشەوە و زیانی زۆرییان بەر دەكەوێت.”
لەم ڕاپۆرتە هەمان ئەو پرسیارەی لە گەنجان كراوە، ئاراستەی خودی (AI ) مان كردووە، ئەویش بەو شێوەیە وەڵامی دایەوە ” AIئامرازێكی بەهێزە كە دەتوانێت ڕێگای گەنجان بكاتەوە، بەڵام پێویستە بە ژیرانە و بەرپرسیارانە بەكاربهێنرێت.”
دەشڵێت “خێزان و پەروەردەكاران پێویستە یارمەتی گەنجان بدەن لە كۆنترۆڵكردنی بەكارهێنانی AI و هەمان كاتدا سوود لە كاریگەرییە ئەرێنییەكانی وەربگرن.”
































































