زاری كرمانجی-سۆران
مامۆستایەكی زانكۆ و شڕۆڤەكاری سیاسی، دەڵێت: “سەرەڕای دروستكردنی بەربەستەكان، سەركردایەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی و سەرۆكایەتی حكوومەت و هەرێم پاڵپشت بوون تا لەگەڵ دۆخەكە مامەڵە بكەن و تێیبپەڕێنن، لە هەمان كاتدا پێگەی خۆی لە ناوچەیەكی ناجێگیردا بپارێزێت.
د. یادگار ئیسماعیل مامۆستای زانكۆ و شڕۆڤەكاری سیاسی، بە زاری كرمانجی گووت: ” زیاتر لە دە ساڵە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی بڕینی بوددجە و مووچە و فشاری دارایی بەغدا بووەتەوە، سەرەڕای لەدەستدانی پشكێكی گرینگ لە داهاتی فیدراڵی و ململانێ لەگەڵ ناسەقامگیری ئابووری، حكوومەتی هەرێم بەردەوام بووە بەرجەستەكردنێكی حوكمڕانییەكی بەرپرسیار و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و پاراستنی ئاسایشی گشتی لە ناوچەیەكی شلۆق.
لە بەشێكی قسەكانیدا دەڵێت: ” لە ڕێگەی خۆڕاگری و هەوڵی دیپلۆماسی و بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانەوە- بەتایبەتی هەناردەكردنی نەوت لەسەرەتا و دواتر داهاتی ناوەخۆ حكوومەتی هەرێم تووانی بەرگە بگرێت و خۆی لەگەڵیدا بگونجێنێت. خۆڕاگرییەكەی نەك هەر ئیرادەی سیاسی بەڵكوو ئیرادەی بەهێزی گەلی كوردە بۆ پاراستنی ئۆتۆنۆمی و بنیاتنانی ئایندەیەكی سەقامگیرتر، تەنانەت لە بەرامبەر ناخۆشیەكانیشدا”.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئاماژەی بەوەشدا: ” بێجگە لە پاڵپشتی بەرچاوی هاووڵاتییانی هەرێم، هێزی حكوومەتی هەرێم لە یەكڕیزی سیاسی لەكاتی قەیرانەكان و سەركردایەتی بەئەزموون و هاوبەشییە ستراتیژییە نێودەوڵەتییەكانیدایە. توانای بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەكانی خۆی، سەرەدەری بەرپرسیارانە هێڵی ژیانی گشتی و هێڵی ژیانی دارایی دابینكردووە”.
گووتیشی: “جگە لەوەش هێزی پێشمەرگە وەك هێمای خۆڕاگری و شانازی نەتەوەیی ماوەتەوە و سەقامگیری ناوخۆیی و دانپێدانانی جیهانی بەهێزتر كردووە. ئەم هۆكارانە لە تەك سەركردایەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی و سەرۆكایەتی حكومەت و هەرێم پاڵپشت بوون تا لەگەڵ دۆخەكە مامەڵە بكات و تێیبپەڕێنێت و لە هەمان كاتدا پێگەی خۆی لە ناوچەیەكی ناجێگیردا بپارێزێت.

































































