موشیر فارس
هاوڕایی هەموانین كە دوا كەوتنی موچە وەك تاكە سەرچاوەی بژێوی زۆربەی زۆری كوردستانیان تاقەتپڕوكێنەو موچە خۆر مافی خۆیەتی حكومەت غەمی جدی لێ بخوات و نەهێڵێت لەوە زیاتر خانەوادەكان بەدەم ژماردنی ڕۆژو مانگ لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە.
بەڵام ئەو ڕاستیەی سەرەوە یەكسان نیە بە واتای بێ موبالاتی سەرۆكایەتی حكومەت و دەربەستنەبونیان بە كۆڵێك پەرۆشی لێبڕاوانە لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەرو ئەگەر پێویستیكرد بڕێك لە سازشیش.
وێنەو دیمەنەكە هەر هیندە نیە كە حكومەت نەوت تەسلیمكات و بەغداش پارە بنێرێ بە ئەندازەی ئەوەی لە پشت ئەو جەڕولحەبلەدا كۆمەڵێك مەڕام كە بنەمای بێ چەندو چونی تەئاموڕی قوڵ و خەونی لە مێژینەی هەڵتەكاندنی قەوارەی كوردستانن كە ڕوبارێك خەبات و خوێنی لە پێنادا ڕژاوە سەرچاوەی گرتوە.
موچە خۆری گیرفان بە تاڵ مافی خۆیەتی بە هەناسەی سوارەوە گازاندە ئاراستەی دەسەڵاتی خۆماڵی خۆی بكات بەڵام لە پاڵ ئەو حیكایەتە ڕەوایەشدا حكومەتیش بەرپرسیارە لە پاراستنی سەروەری هەرێمەكەی چونكە گەلانی ئازادیخوازی دونیا بەدیهێنانی ئازادی و ڕزگاری نەتەوەكانیان لا ئامانجی باڵا بووە پاشان بژێوو.
بژێوو گرنگە، بەڵام لە سیاق و چوارچێوەی ئازادی و پاراستنی بنەماكانی سەروەریدا نەك سكی تێر و شكۆش داڕوشاو.
ئەوەی بەغدا بە ممارەسەی بە كارهێنانی كارتە گوشارەكانی خوازیاریەتی بە تەنها لە چواچێوەدان و بەرتەسككردنەوەی سنورەكانی دەسەڵاتی خۆ بەڕێوەبەری هەرێمی كوردستان نیە بەڵكوو توانەوەی سەر لەبەری ستاتۆی فیدڕاڵی كوردەواریە لە بۆتەقەی نەزعەی گەل و حكومەتی سەردەستەدا.
لەو نێوەندەدا دڵنیاین لە گەڵ تێپەڕینی وادەكانی نزیكبونەوەی هەڵبژاردنەكاندا ئەو تەوژمی گوشارانە دەبنە بڵقی سەر ئاوو خەڵكی كوردستانیش بە حیكمەتی سەركردایەتیەكەی ئەو قۆناغە سەختە كاتیە تێدە پەڕێنێت و هاوكێشەكان لە چوارچێوەی عاملی زەمەندا بە خەونی نابوت و مایە پوچی دەسپێرێت.
نیشتیمان پەروەری نابەشینەوە، بەڵام گۆڕانكاری و وەرچەرخانی هاوكێشەكانی ناوچەكە ئەو ڕاستیە دەسەپێنن كە هەموو ئەو گوشاروو میكانیزمی دەورەدانی هەرێمی كوردستان لە رێگای كەناڵە ئابوریەكانەوە بۆ بێزاركردنی خەڵكی كوردستان بەرەنجام و زادەی قەڵەمبازی گەورەی دۆزی نەتەوایەتیمانە لە نێو سەرهەڵدانی گێژاوكانی وڵاتانی ناوچەدا بە ئاراستەی لە دایكبونی زەمەنێكی تازە بۆ كوردو كوردستان.
































































