وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا له بەیاننامەیەکدا جارێکی دیکه هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکای بۆ سەڕ ئێران ئیدانه کرد و جەختی له ئامادەیی ئەم وڵاتەی کردەوە بۆ یارمەتیدان له چارەسەڕکردنی پرسی ناڤۆکی کۆماری ئیسلامی.
ئەم بەیاننامەیە دوای کۆبوونەوەی نێوان عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لە پەراوێزی لوتکەی بریکس بڵاوکرایەوە.
ئەم دیدارە لە پەراوێزی کۆتا ڕۆژی لوتکەی بریکس لە ڕیۆ دی جانیرۆ بەڕێوەچوو، دوای ئەوە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی پێشووی خۆی سەبارەت بە شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی دووپاتکردەوە و دەشڵێت: “دەبێت هەموو پرسەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن”.
بەشێکی دیکەی بەیاننامەکە جەخت لە هاوبەشی ستراتیجیی ڕووسیا لەگەڵ ئێران دەکاتەوە و تێدا هاتووە: ” هەرچەندە ئەم هاوبەشییە پەیماننامەیەکی بەرگریی هاوبەش لەخۆناگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕووسیا پێی وایە تاران مافی خۆیەتی پرۆگرامێکی ئاشتیانەی ووزەی ئەتۆمی هەبێت”.

































































