ستیڤ ویتكاف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەیاننامەیەکی نوێدا، هیوای بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ حەماس دەربڕی و ڕایگەیاند: ترەمپ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت.
هاوكات لەگەڵ سەردانەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ واشنتۆن و دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ حەماس لە قەتەر، لەگەڵ کۆمەڵێک جولەکە لە شاری ئیست هامپتۆن کۆبووەوە و گووتی “بڕوام وایە دەتوانین لەگەڵ ئێران بگەینە ڕێککەوتنێک کە ڕێگری لە پیتاندنی یۆرانیۆمی ئەم وڵاتە بکات”.
دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە دۆحە بەشێکی گرنگی کۆبوونەوەکە بوو. ویتكاف بە جەختکردنەوە لە “هەوڵە بەردەوامەکان لە دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان”، گووتی ئەمریکا هەوڵدەدات ڕادەستکردنی پاشماوەی بارمتە کوژراوەکان لە ڕێککەوتنەکەدا بخاتە نێو ڕێککەوتنەکەوە.
بە گووتەی ناوبراو، بەپێی ئەو چوارچێوەیەی ئێستا، حەماس لە قۆناغی یەکەمدا 17 تەرم و 10 بارمتەی زیندوو ئازاد بکات.































































