مامۆستایانی ڕاهێنەر توانیان لەڕێگەی میتۆدەكان گوڕانكاری لە شێوازی وانەوتنەوە لە ناوەندەكانی خوێندندا دروست بكەن
سەنار شاكر- زاری كرمانجی:
مامۆستا یەحیا ڕزا سەیدگوڵ، بەڕێوەبەری ڕاهێنان و پەرەپێدانی پەروەردەیی لە نووسینگەی وەزیری پەروەردە، لە بارەی ستراتیژی ڕاهێنانی مامۆستایان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێت: پرۆسەی ڕاهێنانی مامۆستایان نەك بەردەوام دەبێت، بەڵكو فراوانتر دەكرێت. دەشڵێ: مامۆستایانی ڕاهێنەر توانیان لەڕێگەی میتۆدەكان گوڕانكاری لە شێوازی وانەوتنەوە لە ناوەندەكانی خوێندندا دروست بكەن.
*ئایا پرۆسەی ڕاهێنانی مامۆستایان بەردەوام دەبێت یان كۆتایی پێ دێت؟
-پڕۆسەی ڕاهێنان ئەوە بۆ دوو ساڵە بەردەوامە و دوو تەوەری گرنگی لە خۆی گرتووە لەوانە میتۆد و تەكنەلۆجیای زانیاری، بۆ تەواوی مامۆستایانی كوردستان بۆ هەردوو قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی گوتراوەتەوە و لە ئێستادا بەرنامەڕێژی دەكەین بەمەبەستی كردنەوەی خول بۆ تەوەری سێیەم بۆ مامۆستایانی ڕاهێنەر و دواتر لەڕێگەی ئەو مامۆستا ڕاهێنەرانە بگات بە مامۆستایەكانمان لە ناوەندەكانی خوێندن، بۆیە هیچ بەربەستێك نییە ببێتە هۆی كۆتایی پێهێنانی ئەم پرۆسەیە، بەردەوامین لە دەستنیشانكردنی كەموكوڕیەكان تا لە ساڵی داهاتوو بە باشترین شێوە ئەم پڕۆسەیە جێبەجێ بكرێت، وەك بەڕێوەبەرایەتی ڕاهێنان و پەرەپێدانی پەروەردەیی لە نووسینگەی وەزیر بەردەوام لە هەماهەنگیداین لەگەڵ زانكۆ و پەیمانگە و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كەسانی پسپۆر لە بوارێكی تایبەت و پێویست بە مەبەستی كردنەوەی خول بە تایبەتی بۆ مامۆستایانی ڕاهێنەر و مامۆستایانی دیكەش لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان.
* ئایا گۆڕانكارییەكان كاریگەریان دەبێت لەسەر ستراتیجی ڕاهێنانی مامۆستایان؟
– لەبەر ئەوەی ئەم پڕۆسەیە پڕۆژەیەكی ستراتیجی وەزارەتی پەروەردەیە لە كابینەی نۆیەم سەرۆك وەزیران ڕەزامەندی لەسەردا لە هەر حاڵەتێكدا ئەگەر وەزیریش لە پۆستەكەی نەما و وەزیرێكی تر هاتە شوێنی بە هیچ شێوەیەك ئەم پڕۆژەیە ناوەستێت و بەردەوام دەبێت.
* ئایا لەبەرنامەی ئێوەدا نییە بڕوانامەی TOT بدەنە ڕاهێنەران یان هەر ئیمتیازاتێكی دیكە؟
– ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكەین بزانین چەند ڕاهێنەر بە كردەیی لەناو ئەم پڕۆسەیەدا بەردەوامن، بۆ ئەو مەبەستە داوای ناوەكانی ئەوانمان كردووە لە هەموو بەڕێوەبەرایەتیەكانی ڕاهێنان و پەرەپێدانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان تا بتوانین لە نزیكترین كات بڕوانامەیان بۆ ئامادە بكەین، لە هەمان كاتدا وەزیری پەروەردە هیچ كات درێغی ناكات بۆ مامۆستایانی ڕاهێنەر.
* هەوڵتان نەداوە لەڕێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەرفەتی خوێندن بۆ ڕاهێنەرەكان بڕەخسێنن؟
– بەڵێ، بۆ ئەو مەبەستە نووسراومان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا كردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین.
*ڕاهێنەر دەتوانێت سكولەرشیپ وەربگرێ، ئایا ئێوە مۆڵەتی خوێندن دەدەنێ؟
-وەرگرتنی سكۆلەرشیپ پەیوەندی بەو زانكۆیەوە هەیە كە مامۆستای ڕاهێنەر داواكاری پێشكەش دەكات و مۆڵەتەكەش لای بەڕێوەبەرایەتی مۆڵەتەكانە.
*بەرنامە و پلانتان چییە بۆ ساڵی داهاتوو؟
– لەسەر هەمان بەرنامەی پێشوو بەردەوام دەبین و تەوەرێكی نوێی ستراتیجی ڕاهێنانیش بەشێك دەبێت لە پڕۆسەكە.
*لەڕووی داراییەوە چ بۆ مامۆستایانی ڕاهێنەر دەكرێت، ئایا هیچ شتێكی نوێ هەیە؟
– تا ئـێستا وەكو خۆیەتی و لە داهاتووشدا ئەگەر باری دارایی حكوومەتی هەرێم باش بوو هەوڵ دەدەین ئیمتیازاتی زیاتر بۆ مامۆستایانی ڕاهێنەر دەستەبەر بكەین.
*هەڵسەنگاندنی ئێوە چییە بۆ پرۆسەی ستراتیجی ڕاهێنانی مامۆستایان؟
-ڕاستگۆیانە بڵێین ئەم پڕۆسەیە ڕووبەڕووی هەندێك كێشە و گرفت بوویەوە، چونكە شێوازێكی نوێی ڕاهێنان بوو، بەڵام خۆشبەخاتنە كێشەكان بەرەو كەمبوونەوە دەچن، چونكە ئـێمە بەردەوام بەدوای چارەسەركردنی كێشەكانین، بۆیە دەتوانین بڵێین لە چەند ساڵی داهاتوودا بەرهەمی ئەم ڕاهێنانە و گۆڕانكاریەكان زیاتر و باشتر بەدی دەكرێن.
*پەیامی ئێوە بۆ مامۆستا و ڕاهێنەرەكان چییە؟
-پەیاممان بۆ مامۆستایانی ڕاهێنەر ئەوەیە دەستخۆشیان لێدەكەین ئەركیان بەرزدەنرخێنین، دەبێت ئەمەش بڵێین دەبێت بزانین دوو جۆر فێركردن هەیە فێركردنی بچووك و فێركردنی گەورەكان، ئەوەی ئەوان ئەنجامی دەدەن فێركردنی گەورەكانە، بۆیە ئەركیان قورسە ئەمەش پێویستی بە توانا و كارامەیەكی زۆر هەیە كە پێویستە مامۆستایانی ڕاهێنەر خۆیان ئامادە بكەن و خۆیان تواناداربكەن بۆ ئەم جۆرە فێركردنە لە ڕاهێنان لەڕێگەی خوێندنەوە و بەشداریكردن لە خول و سیمینار و ڕێگەی فێربوونی بەردەوام، سوپاسی مامۆستایانیش دەكەین كە توانیان لە ماوەیەكی كەم ئەو هەموو میتۆدانە وەربگرن و گوڕانكاری لە شێوازی وانەوتنەوە لەناو ناوەندەكانی خوێندندا دروست بكەن.

































































