سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد و لە دیدارەکەدا جەختیان کردەوە پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن.
ڕۆژی یەکشەممە 6ی تەممووزی 2025 لە سەلاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مەحمود مەشهەدانی کرد.
لە دیدارەکەدا کە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانتار زیاد جەنابی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکيی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها بڕیاری بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کرا.
هەردوولا جەختیان کردەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی دەستور و بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان کێشەکان چارەسەر بکرێن و بە هیچ شێوەیەکیش قووتی هاووڵاتیانی هەرێم تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان و هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێم نەکرێت و بە زووترین کات کێشەی ناردنی مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێم چارەسەر بکرێت.
هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕاستکردنەوەی هەڵە و کەموکوڕییەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق، تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.