دەم پارتی راگەیێندراوێکی لەسەر زاری شاندی ئیمرالی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە. وەک شاندەکە دەڵێت، ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی، پرۆسەی چارەسەری گەیشتووەتە قۆناخێکی نوێ و بەرپرسیارێتیی هەموو لایەکە هەوڵی سەرخستنی بدەن.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، پەرلەمانتارانی پارتەکە و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتبوو، ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ی تەممووزی 2025 سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە.
شاندەکە دەڵێت، “تەندروستیی ئۆجەلان زۆر باش بوو، هەروەها ورەبەرزیش بوو”.
شاندی ئیمرالی ئاماژەی بەوە کردووە، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە گوتوویەتی، پرۆسەی چارەسەری گەیشتووەتە قۆناخێکی نوێ و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی هەموواندایە پاڵپشتیی لە هەنگاوەکانی دواتری سەرخستنی بکەن.
هەر بەگوێرەی شاندەکە، ئۆجەلان کۆبوونەوەی شاندەکە و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە بڕیارە سبەی دووشەممە بەڕێوەبچێت، بە ”گرنگ” دەزانێت و بە کۆبوونەوەیەکی ”مێژوویی” وەسفی کردووە.
بەگوتەی شاندەکەی ئیمرالی، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە باسی لەو لیژنەیەک کردووە کە بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکبهێندرێت و پێیوایە، لیژنەکە رۆڵێکی گرنگی لە بە ئەنجامگەیشتنی پرۆسەکە دەبێت.
وەک شاندەکەی ئیمرالی دەڵێت، ئۆجەلان هیوا و باوەڕی تەواوی هەیە کە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری رۆڵێکی گرنگی لە بەدیموکراسیبوونی تورکیا دەبێت.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە، گیان لەدەستدانی پێنج سەربازی سوپای وڵاتەکەی لە ئەشکەوتێکی هەرێمی کوردستان بەهۆی گازی میسانەوە راگەیاند.
بە گوتەی شاندەکە، لە کاتی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان، هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەو پێنج سەربازەی تورکیایان پێگەیشتووە. شاندەکە دەڵێت، ”ئەم رووداوە، ئێمە و بەڕێز ئۆجەلانی زۆر نیگەران کرد”.
شاندەکە لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا سەرەخۆشیی خۆی بۆ خێزان و کەسە نزیکەکانی ئەو پێنج سەربازەی تورکیا راگەیاندووە.
لەدوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئەم جارەی چارەسەری لە تورکیا، ئەمە شەشەمین سەردانی شاندی ئیمرالی بوو بۆ لای ئۆجەلان. هاوکات دووەمین سەردانی شاندەکەیە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لەلایەن پەکەکەوە.

































































