وەزیری بەرگریی ئەمریکا: هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی و لەنێوبردنی، نیشاندانی هێزی سەربازیی ئەمریکا بوو
پیت هێگست، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی فۆکس نیوز، جەختی لەوە کردەوە کە هێرشی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، نیشاندانی لێهاتوویی و توانای بێ ڕکابەری سەربازیی ئەو وڵاتە بوو.
هێگست بە ئاماژەدان بەم ئۆپەراسیۆنە گوتی: جیهان بینی کە چۆن ئەمریکا دەتوانێت لە دیوەکەی تری جیهانەوە بفڕێت و ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات و بگەڕێتەوە، بەبێ ئەوەی تەنانەت یەک ڕاداری دوژمنیش چالاک بکرێت یان تەقەیەک بکرێت.
ناوبراو زیادی کرد: دوژمنێك کە تا چەند مانگێک لەمەوبەر بە یەکێک لە زلهێزە سەربازییەکانی ناوچەکە دادەنرا، نەیتوانی کاردانەوەی بەرامبەر بەم ئۆپەراسیۆنە نیشان بدات و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لەناوبران. ئەمە پەیامێکی ڕوون بوو بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی کە هێزی سەربازیی ئەمریکا دەخەنە ژێر پرسیارەوە.