مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لە عێراق، جارێكی دیكە جەختی كردەوە كە بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقی ناكات، تا بە تەواوی گرووپە میلیشیاكان هەڵدەوەشێنەوە و چەكەكانیان ڕادەست بە دەوڵەت دەكەن .
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، دوێنێ هەینی 4ی تەممووز لە ڕێگەی پەیامێكی نووسراو كە لەلایەن نووسینگەكەی بڵاوكرایەوە ڕایدەگەیەنێت “ڕاستی جێگیر نابێت، درۆش شكست ناهێنێت، تەنیا بە كۆكردنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت، هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەكدارەكان، بەهێزكردنی سوپا و پۆلیس و گەرەنتی كردنی سەربەخۆیی و ملكەچنەكردنی عێراق، هەروەها بەدواداچوونی ڕژد بۆ چاكسازی و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران نەبێت،”
سەدر لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا دەڵێت “عێراق پێویستە خۆی لە پاشكۆیی دەرباز بكات و سەربەخۆ بێت و كاری چڕ بكرێت بۆ چاكسازیی.”
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لە عێراق، لە ساڵی 2022 ەوە كشانەوەی خۆی لە پەرلەمان و بایكۆتی پرۆسەی سیاسیی و بەشداریی نەكردنی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2023ی ڕاگەیاند.