شارەزایەكی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات ئەمڕۆ شەممە بەهۆی بارستە هەوای ساردی باکورەوە، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو فێنک دەبێت.
ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی لە راگەیاندنێکدا دەڵێت” ئەمڕۆ کەشوهەوا فێنکتر ئەبێت، ئەمەش لە ئەنجامی کاریگەری بارستە هەوای ساردەکەی باکوور کە دوو هەفتە بەر لە ئێستا پێشبینیەکەمان بڵاو کردەوە و ئێستاش ناوچەکە لەژێر کاریگەری ئەو هەوا سارد و فێنکەدایە و پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی زۆر نزمبووەتەوە هەر ئەمڕۆش لەبەرزاییەکانی باکووری تورکیا بەفر باری و ناوچە شاخاوییەکان سپی پۆشبوون”.
ئەو پسپۆرە ئاماژە بەوە دەکات، ئەمە یەکەمجارە لەدوای هاوینی ساڵی ٢٠٠٩ وە واتا ١٦ ساڵ لەمەوبەر لەمانگی حەوتدا ( تەمموز ) بەم شێوەیە پلەکانی گەرما نزمببنەوە.
ئاراز جەبار زیاتر روونیكردەوە ” ئەمڕۆ شەمە ناوەندی ئەو بارستە هەوایە دەگاتە ناوچەکانمان و پلەکانی گەرما٢ تا ٣ پلەی دیکە لەسەرجەم ناوچەکان نزمدەبنەوە و کەش فێنکتر ئەبێت و پاشان سات بۆ سات لەرۆژی یەکشەمە بەدواوە لەسەر ناوچەکانمان دوور دەکەوێتەوە و پلەکانی گەرما ڕوو لەبەرزبوونەوە ئەکاتەوە لەگەڵ چالاکبوونی بەهێزی بای باکووری رۆژهەڵات لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاویەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم”.
بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ شەممە:
سلێمانی: ٣٣ پلە
هەولێر: ٣٥ پلە
دهۆک: ٣٤ پلە
هەڵەبجە: ٣٤ پلە
کەرکوک: ٣٦ پلە
ئیدارەی گەرمیان: ٣٨ پلە
ئیدارەی راپەرین: ٣٥ پلە
ئیدارەی سۆران: ٣٣ پلە