بزووتنەوەی گۆڕان، جەختی لەسەر چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند: ڕاگرتنی مووچە بڕیارێکی سیاسی و نادەستوورییە دژی خەڵکی کوردستان.
پێنجشەممە 3ـی تەمموزی 2025، کۆبوونەوەی ئاسایی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە سەرپەرشتی ڕێکخەری گشتی، لە مەکۆی سەرەکی لە گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت کرایەوە لەسەر چارەکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەردوو حکوومەتدا، بە تایبەت بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵی وەک بڕیارێکی سیاسیی و نادەستووریی و دژی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
هاوکات باس لەوە کرا، لەو سۆنگەیە و بە لەبەرچاوگرتنی بارگرانی ژیانی فەرمانبەرانی هەرێم داوا دەکەین چارەی ئەم کێشەیە لەسەر بنەمای دەستوور، یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بکرێت و چیدیکە مووچە نەکرێتە کارتی سیاسی.