زاری كرمانجی-سۆران
لیژنەی ئابووری قەزای چۆمان سەردانی چەند شوێنێكی چاككردنەوە و فرۆشتنی ماتۆڕسكیل و پایسكێل دەكات و بەڵێننامە لە خاوەنەكانیان وەردەگیرێت، كە بەهیچ شێوەیەك دەستكاری گزۆز (ساڵۆنسە)ی ماتۆڕسكیلەكان نەكەن.
سەمیع سەدیق سەرۆكی لیژنەی ئابووری قەزای چۆمان بە زاری كرمانجی گووت: ” لەسەر راسپاردەی قائیمقامی قەزای چۆمان، لە بەردەوامی بەدواداچوونەكانمان سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی ئابووری قەزای چۆمان، سەردانی سێ شوێنی چاككردنەوە و فرۆشتنی ماتۆڕسكیل و پاسكیلیان لەناو سەنتەری قەزای چۆمان كرد”.
دەشڵێت: ” لەسەردانەكەدا لیژنەكە لە نزیكەوە بەدواداچوونیان بۆ مەرجەكانی سەلامەتی و دەرهێنانی مۆڵەتی كاركردن كرد و بەڵێننامەش لە خاوەنەكانیان وەرگیرا كە بەهیچ شێوەیەك دەستكاری گزۆز (ساڵۆنسە) ی ماتۆڕسكیلەكان نەكەن، بۆ ئەوەی خەڵك بە دەنگەكەی هەراسان نەكەن، بەپێچەوانەوە خۆیان رووبەڕووی سزای توندی ماددی دەبنەوە”.
سەرۆكی لیژنەی ئابووری قەزای چۆمان داواكاریش بوو، هەموو لایەك هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و نەبینە هۆكاری بێزار كردن و ئازاردانی هاووڵاتییان.