د. هێمن مەحموود، دكتۆرا- بۆرد لە نەخۆشییەكانی جومگە و ئێسك و ڕۆماتیزم
كاتێك دەچینە وەرزی سەرماوە، دیاردەیەك لە هەندێك كەسدا دەردەكەوێت كە ئەویش گۆڕانی ڕەنگی پەنجەكانە كاتێك بەر سەرما دەكەون، ئەم دیاردەیە زۆربەی جار هۆكارێكی دیاریكراوی نییە، بەڵام دەركەوتووە كە جگەرە كێشان و هەندێك جۆری دەرمان یاخود كۆمەڵی پیشە هۆكارن، سەرما و فشاری دەروونی و دڵەڕاوكێ دیاردەكە توندتر دەكات.
ڕاستە زۆربەی ئەو كەسانەی ئەو دیاردەیان تێدا دەردەكەوێت هیچ نەخۆشییەكیان نییە، بەڵام ڕێژەیەكیان لەوانەیە هۆكارەكەی نەخۆشییەكی ڕۆماتیزمی سیستەمی بەرگری بێت وەكوو:
- گورگە سوورە
- ڕەقبوونی پێست
- ڕۆماتیزمی جومگەكان
- شۆگرن سندرۆم
- هەوكردنی بۆڕی و موو لوولەكانیی خوێن
- چەند نەخۆشییەكی تر.
زۆربەی جار نەخۆش پێویستی بە چارەسەری حەب و دەرمان نییە تەنیا گەرم داپۆشین و دووركەوتنەوە لە هۆكارەكانی وەكوو جگەرە كێشان چارەسەر دەبێت، بەڵام لە هەندێك باری توند دا پێویستە نەخۆش دەرمانی فراوانكردنی بۆڕی و موولوولەكانی خوێن وەربگرێت، ئەگەر نا نەخۆشەكە تووشی برین و هەوكردنی پەنجەكان دەبێت.