سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی باڵیۆزی فینلاندی لە عێراق کرد بۆ هەوڵ و کارکردنی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی تەموزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئانو سارێلا، باڵیۆزی فینلاند لە عێراق کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی .
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی باڵیۆزی کرد بۆ هەوڵ و کارکردنی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
لە بەرانبەردا باڵیۆزی فینلاند، پێزانینی خۆی بۆ هامەهانگیی و هاریکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشان دا.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پێویستیی چارەکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرا و، جەخت لە گرنگیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووری هەرێم و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم کرایەوە.