لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، بڕیارە بەم نزیکانە ئۆجەلان، پەیامێکی تازەی هەبێت و لە دوای پەیامەکەش، هەنگاوی چەکدانانی پەکەکە دەست پێ بکات.
ڕۆژنامەی ‘حوڕییەت’ و ماڵپەڕی ‘میزیۆپۆتامیا’ بڵاویان کردووەتەوە، لە کاتێکدا ئامادەکارییەکان بۆ دامەزراندنی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، بەردەوامە؛ پێشبینی دەکرێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیامێکی نوێ لەبارەی چەکدانان ئاراستەی سەرکردایەتیی پەکەکە بکات و ئەوانیش بە کردەیی بەدەم پەیامەکەییەوە بێن و گروپێک لە پەکەکە، لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمێکی ڕێکخراودا، چەکەکانیان دابنێن.
هەر بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، ڕێوڕەسمی چەکدادانەکە بە ئامادەبوونی میدیا ناوخۆییەکانی کوردستان، تورکیا و جیهانیی بەڕێوە دەچێت، وەک نیازپاکییەک بۆ بەدەمەوەچوونی پرۆسەی ئاشتی و پەیامەکەی ئۆجەلان، لە نێویاندا ژمارەیەک سەرکردە و فەرماندەی پەکەکە بەشداری ڕێوەڕسمی ڕادەستکردنەوەی چەک دەکەن.
هەروەها بڕیارە لە ماوەی 10 ڕۆژدا گرووپێکی 50 کەسی لە چەکدارانی پەکەکە لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان بە بەرچاوی میدیاکانەوە، چەکەکانیان ڕادەست بکەن.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمراڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە کە پەیامی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بوو، ئەمەش بووە هەنگاوی کۆتایی هێنان بە چالاکیی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان.