ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. دەشڵێت: چاوەڕێی بەغداین کۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی مووچە بهێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی تەموزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
“هەر پابەندییەک لە سەر هەرێمی کوردستان بووە، بە زیادەوە جێبەجێی کردووە”
بە پێی ڕاگەیەنراوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کە لە هەولێر و بەغدا، بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان ئەنجام دران، کە تایبەت بوون بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و بەدواداچوونی خەرجکردنی مووچەکانی هەردوو مانگی پێنج و شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، کە هەر پابەندییەک لە سەر هەرێمی کوردستان بووە، بە زیادەوە جێبەجێی کردووە و هەرێم هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.
ئەنجوومەنکە دەڵێت: ئێستا هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی هاوکارییان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕال پێشان داوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، ئەویش لە پێناوی بڕینی هەموو ئەو پاسا و بیانوویانەی کە بەغدا بەکاری هێناون بۆ نەناردنی مووچەی موچەخۆرانی خەڵکی کوردستان.
هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە، کە ئێستا هەموو لایەک چاوەڕێی بڕیاری حکوومەتی فیدڕاڵ دەکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان هەردوولا بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان هاتووەتە ئاراوە.
“نابێت لە ژێر هیچ پاساوێک، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە مافی خۆیان بێبەش بکرێن”
ئاماژەی بەوەش کرد، بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، هیچ بیانوویەک لە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نامێنێت بۆ خەرجنەکردنی شایستە دارايیەکانی هەرێم، بە تایبەتیش کە هەموو بابەتەکانی پەیوەندیدار بە لیستی مووچە و ژمارەی وەزیفیی و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم و بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم و ناردنی ڕێژەی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم جێبەجێ کراون.
ئەنجوومەنی وەزیران ڕوونی کردەوە، حكوومەتی هەرێم، بەردەوامە لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی، بۆیە بەغدا دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان بهێنێت کە مووچە، مافێکی ئاسایی، یاسایی و دەستووری مووچەخۆرانی هەرێمە و بە هەموو یاسا و ڕێسایەک، نابێت لەژێرهیچ پاساوێک، لەم مافەی خۆیان بێبەش بکرێن.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە خانەنشینیی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە چەندین ئامار و زانیاریی و ڕاسپاردە و پێشنیاری لەخۆ گرتبوو، بە مەبەستی پاراستنی مافی کرێکاران و کارمەندانی دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت لە ڕێگەی برەودان بە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و دابینکردنی مافی خانەنشینی بۆ کارمەندانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و چالاککردن و ڕێکخستنەوەی میکانیزمی وەرگرتنی ڕێژەی هاوبەشی خاوەنکارەکان لە دابینکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، تا لە داهاتوودا، بخرێتەوە خزمەتی ئەو کرێکار و کارمەندانەی کە شایستەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەبن، بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە مووچەی خانەنشینی و شایستەکانی دیکە و ئەو ئاسانکاریی و خزمەتگوزارییانەی لە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هاتوون.
ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، گفتۆگۆی لەبارەی پێشنیار و ڕاسپاردەکان كرد و بڕیاردرا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زياتريان بۆ بکات بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.