شەهلا سۆفی – زاری كرمانجی:
چەند ڕۆژێكە شەپۆلێكی خۆڵبارینی چڕ تەواوی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، لە سنووری ئیدارەی سۆرانیش بەم هۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی تووشی تەنگە نەفەسی و هەستیاری بوون.
دكتۆر بەڕەڤان سەباح بەڕێوەبەری فریاكەوتنی سۆران تایبەت بە زاری كرمانجی ڕایگەیاند “بە هۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەوە، لە ماوەی كەمتر لە ٧٢ كاتژمێر زیاتر لە بیست هاووڵاتی سەردانی بەشی فریاكەوتنی سۆرانیان كرد كە هەر زوو چارەسەری پێویستییان بۆ كرا.” دەشڵێت “بەشێك لەو نەخۆشانە ئەوانە بوون كە نەخۆشی ڕەبۆ و هەناسە تەنگیان هەبوو یاخود تووشی هەستیاری ببوون، بۆیە لە ڕێگای دەرمان و دانانی ئۆكسجین چارەسەری پێویستییان بۆ كرا.” جەخت لەوەش دەكاتەوە “پێویستە لە كاتی خۆڵبارین هاووڵاتییان خۆیان بپارێزن بە بەستنی دەمامك (ماسك) و تەنیا لەكاتی پێویست بچنە دەرەوە، چونكە خۆڵبارینەكە كاریگەری دەبێت لەسەر ڕێڕەوی هەناسە و تەندروستی مرۆڤ بە تایبەتی ئەوانەی نەخۆشی ڕەبۆ و هەناسە تەنگی یاخود نەخۆشی هەستیارییان هەیە و باشتر وایە بەر لە چوونە دەرەوە ئەو دەرمانانە بەكار بهێنن كە تایبەتن بە نەخۆشییەكەیان كە لەلایەن پزیشكی پسپۆڕ بۆیان دیار كراوە بۆ ئەوەی ڕێگری بكات لە تەشەنە كردنی تووشبوون بە تەنگەنەفەسی و هەستیاری.