موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
سەرەڕای بە ئیدارەكردنی سۆران و زۆری ڕێژەی دانیشتوان، لێ تا ئێستا كۆمپانیا و كارگە گەورەكان كاری تایبەت لە دەڤەرەكە ئەنجام نادەن و نەتوانراوە هەلی كار بۆ گەنجان و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان بڕەخسێندرێت، ئەمەش نیگەرانی لێ كەوتۆتەوە.
بە گووتەی هاووڵاتییان و دەرچوانی زانكۆ، لە ماوەی ڕابردوو لە سۆران، وەك پێویست گرنگی بە كەرتی تایبەت نەدراوە، بە شێوەیەك هیچ كارگەیەكی گەورە لە سەنتەری سۆران كاری وەبەرهێنان ئەنجام نادەن تا كوڕ و كچانی دەڤەرەكە لێی سودمەندببن و هەلی كاریان بۆ ببڕەخسێت، بەرپرسێكی ئیدارەی سۆرانیش دەڵێت:” هەموو هەوڵێك دەدەین تا زۆرترین هەلی كار لە كەرتی تایبەت بڕەخسێنین و ڕێژەی بێ كاری بۆ كەمترین ئاست داببەزێنین.
هەژار حەكیم بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” دووای ئەوەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بە ئیدارەكردنی سۆران، بەرنامە و پلان دانرا بۆ گرنگی زیاتر بە كەرتە جیاوازەكان لەو دەڤەرە بدرێت، لەو دوایانە بڕیاردرا بە كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان و ئامانجیش لێی رەخسانی هەلی كار و ڕاكێشانی كۆمپانیا و كەرتی تایبەتە بۆ ئەو دەڤەرە تا رێژەی بێ كاری لە ئیدارەی سۆران بۆ كەمترین ئاست داببەزێنین.
زیاتر گووتی:” هەموو هەوڵێك دەدەین كە گەنجان و هەموو چین و توێژەكان هەلی كاریان بۆ بڕەخسێندرێت، تا بارگرانیش لەسەر كەرتی گشتی و حكوومی سوكتر ببێت، ئەو دەڤەرەش بەهۆی هەبوونی دەروازە و هەڵكەوتەی ناوچەكە سەرمایەدار و كۆمپانیاكان لەمەودوا هەماهەنگی دروست دەكەن و بۆ كاری وەبەرهێنان و كاری دیكەی بازرگانی ڕوو لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكەن و تمووحی هەموو لایەكمانە كاركردنی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەرفراوانتر بكرێت”.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، جیا لە كارگەی شیرەمەنی زۆم، هیچ كارگەیەكی دیكە بەشێوەیەكی فراوان هەلی كاری بۆ گەنجان و هاووڵاتییانی دەڤەرەكە نەڕەخساندووە، كارگە گەورەكان بەتایبەت لە بواری كشتووكاڵی، پیشەسازی جۆرا و جۆر، كاری وەربەهێنان لە سۆران ئەنجام نادەن”.