” ئەم شەو كۆبوونەوەیەكی گرینگ لەم بارەوە بەڕیوە دەچێت”
ماڵپەری كوردستان 24 بڵاوی كردەوە ئەمشەو کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، لەبارەی ڕاسپاردەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
لەسەر زاری حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری، بلاو كراوەتەوە كە” گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و چارکردنی کێشەی مووچە بەردەوامە و ڕانەوەستاون”.
حوسێن عەلاوی جەختی لەوەش کردۆتەوە ” کۆبوونەوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی نێوان شاندی هەردوو حکوومەت ئەرێنی بوون و بە ئاراستەی چارەکردنی کێشەکان بووە. سوودانی پێداگرە لەسەر چارەکردنی کێشەی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، هەردوو حکوومەت جگە لە ڕێککەوتن هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان لەبەردەم نییە”.
ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد، ئەگەر شاندی هەردوو حکوومەت لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و مووچە ڕێکبکەون، ئەوا کۆبوونەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجام دەدرێت و ڕێککەوتنەکە پەسەند دەکرێت.
بەپێی زانیارییەكان پرسی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بەستراوەتە بە ڕێککەوتن لەسەر دووبارە هەنادەکردنەوەی نەوتی کوردستان، هەروەها دوو ڕێگە بۆ ناردنی مووچە هەیە یان دادگای فیدراڵی بڕیارێکی وەلائی دەربکات یان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر بدات.
ئێستا بەرچاوڕوونی لە نێوان شاندی هەردوو حکوومەت هەیە، هەروەها شاندی حکوومەتی هەرێم کە گەڕاوەتەوە لێکتێگەیشتن و بەرچاوڕوونی دەگەیەنێتە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی عێراقیش لێکتێگەیشتن و بەرچاوڕوونییەکە دەباتەوە لای سەرۆک وەزیرانی عێراق.
سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لە وەستانی گفتوگۆکان نێوان شاندی حکوومەتی هەرێم و عێراق دەکەن، سەرچاوەیەک ڕاگەیاند: ئەو هەواڵانە ڕاست نین بەڵکو ئێستاش گفتوگۆ لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیانی نەوت و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە. تەناتە لایەنی سێیەمیش لە گفتوگۆکاندا هەیە، بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەر.
بریارە ئەم شەو بۆ زیاتر بەرچاو روونی و چارەسەر كردنی كیشەكان بە شێوەیەكی بنەڕەتی كۆبوونەوەیەكی گرینگ لە نێوان محەمەد شیاع سودانی و فوئاد حوسێن بەرێوە دەچێت.
































































