زاری كرمانجی-سۆران:
هۆشدارییەکی توند دەدرێت سەبارەت بە بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان، بەوەی كە ڕەنگە تا ساڵی 2030 ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 14 ملیۆن مرۆڤ، ئەمەش بە کارەساتێکی مرۆیی گەورە وەسف کراوە کە کاریگەرییەکەی یەکسانە بە پەتایەکی جیهانی یان ململانێیەکی چەکداریی گەورە.
بەپێی ڕاپۆرتێک لە گۆڤاری بەناوبانگی پزیشکیی (لانسێت) بڵاو کراوەتەوە، سیاسەتەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی هاوکارییە مرۆییە دەرەکییەکان، جیهان رووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی گەورە دەکاتەوە.
راپۆرتەکە کە لەلایەن توێژەرانەوە ئامادە کراوە، ئاشکرای دەکات کە بڕینی زۆربەی بودجەی ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) تا ساڵی 2030 دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 14 ملیۆن مرۆڤ، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 4.5 ملیۆنیان منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵان دەبن.
ئەم بڕیارە کە لە مانگی ئاداردا لەلایەن مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە راگەیەنرا، زیاتر لە 80٪ بەرنامەکانی ئاژانسەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و لە چوارچێوەی دروشمی “ئەمریکا لەپێش هەمووانەوەیە” جێبەجێ دەکرێت.
توێژەران هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوانە هەڕەشەیە لە سڕکردنی ئەو دەستکەوتە تەندروستییانەی کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بەدەست هاتوون، چونکە بەرنامەکانی USAID لەنێوان ساڵانی 2001 بۆ 2021 رێگرییان لە زیاتر لە 90 ملیۆن حاڵەتی گیانلەدەستدان کردبوو.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا بە گەورەترین بەخشەری هاوکاریی مرۆیی لە جیهان دادەنرا، چاوەڕوان دەکرێت بەشداریی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی هاوکارییەکان نەکات کە لە ئیسپانیا بەڕێوە دەچێت.
وڵاتانی دیکەی وەک بریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیاش هەنگاوی هاوشێوەیان ناوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندترین کەمکردنەوەی بودجە لە مێژووی کاری مرۆییدا وەسفی کردووە.
کارمەندانی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایان کردووە، دەرئەنجامەکانی ئەم بڕیارانە دەرکەوتوون، وەک ئەوەی لە کینیا بەهۆی کەمکردنەوەی بەشەخۆراک برسێتی لە کەمپی پەنابەراندا گەیشتووەتە مەترسیدارترین ئاست.