كاروان عەبدوڵڵا
(1)
شاژنی شۆڕش
هاکا سبەینەیەک
لە کوچەو کۆڵانی شارەکان
(ژینا) دەرکەوتەوەو
گوێبیستی هەلهەلەی ئەو و
بینینی فڕین و
باڵە سوورەکانی بووین
هاکا بینیمان
چۆن گوللە ئەبێ بە گوڵ
چۆن زیندووبوونەوە لە نێو مەرگدا
لە دایک ئەبێ
چۆن پێکەنین لەنێو ڕەحمی گریاندا
ژانی دەرچوون ئەیگرێ
هاکا شار ، لە پێستی تاریکیدا
خۆی داماڵی
شاژنی شۆڕش
بە تاجی خۆرەوە هات و
وڵاتی بۆ ڕوناک کردینەوە
هاکا (ژینا)مان بینی
ڕۆژهەڵات لەسەر کەفی دەستی و
شەهیدانیش لە پێشوازی ئەودا
ئەی ڕەقیب بڵێنەوە
ئەوە نە حکایەتێکی خوڕافییەو
نە خەونێکی بێ سەروبەر
ئێوە ئەزانن ئەوە تەنیا خوێنە
بە دوای ئازادیدا ئەگەڕێ ؟
ئێوە ئەزانن ، خوێن نە وشک ئەبێ و نە ئەبێ بە ئاو ؟
خوێن کە ڕژا
ئەبێتە دەنگ
ئەبێتە ڕەنگ
ئەبێتە دەست و مەچەکی پۆڵا
خوێن کە ڕژا
دڵ ، ئەکا بە گڕکان
کەللە ، بە گۆمی ڕق
چاو ، بە سێرەگر لە دوژمنان
ئەی خوێنی پڕ عەتری ئازادی
زووکە وەرە ، ئەو سبەینەیەمان بۆ بێنە
ئێمە لە نێو تاریکیدا عاسێ بووین
گەرەکمانە بەر لە مردن
بۆنی ئەو عەترە بکەین
ئەوە نە خەونەو نە خوڕافەیە
هاکا ئەو بەیانییە هات
ژیناو شەهیدانی ڕۆژهەڵات
لە گۆڤەندی سەرکەوتندا
ئێمەیان لە خەو هەڵساند
(2)
جهنگاوهری عیشق به دوای مهعشوقی كۆیلهدا ناگهڕێ
(ئهو )تێكهڵ به جهنگێ نابێ
ئهگهر رۆحی پڕ نهبێ له نیگا پڕ تیشكهكانی یار
(ئهو )سواری پشتی (با) نابێ
ئهگهر مهعشوق لە گەڵیدا
بە نێو تۆفاندا باڵ نەگرێ
جهنگاوهری عیشق
کە نوێژ لە میحرابی مەعشوق ئەکا
ئیزن له كهس وهرناگرێ
ئهو کە لە شەڕدا شمشێر ئهوهشێنێ
ئەوە سەمایێەکەو
مەعشوق سەرچۆپییەکەی ئەگرێ
کە ئەکەوێ
بەسەر گوڵ و ڕەیحانەکانی یاردا
ڕائەکشێ
جهنگاوهری عیشق بهسهر پهلكه زێڕینهدا رائهكا
تەلبەندەکانی ژیان
بە سنگی رووتەوە ئەبڕێ
ئەو بۆ بینینی مەعشوقەکەی
نە زەمەن لە خەیاڵی دایەو
نە لە مەرگ ئەترسێ
ئەو جەنگاوەرێکە
تا نەگا به دامێنی خانمی خۆر
سهری بۆ هیچ کەسێ نهوی ناكا
جهنگاوهری عیشق باڵای له كێوهكان ئەچێ
ویقاری هەڵۆیێکە ، لە مەیدانی جەنگدا
له پێدهشتەکانا
ئاسكی خهیاڵەو
بەنێو گەردلوول و بادا
غارغارێن ئەکا
وەک کۆیلەی عیشق
بە سهر زگەوە ئەخشێ و
سەری مەزنی بۆ مەعشوقەکەی دائەنەوێنێ !!!!!
(3)
غەریبیی
کەسێک ، کە لەمێژە لە تۆوە دوورە
ئێستا نیشتمانی لێ بۆتە غوربەت و
مەیلی بینینت ئەکا
کەسێک ، وەک ئەوەی تێنووبوون
هیلاکی کردبێ
بە دوای تۆی سەرابدا
لە غارغارێن ناکەوێ
کەسێک ، وەک لە خەوندا
تۆی بینیبێت
هەموو ڕۆژێ بۆ بینینت
بەدوای تۆدا ئەگەڕێ
کەسێک ، ئەیەوێ پڕبوونت لەخۆیدا
خاڵی کاتەوە
کەچی هەموو گەردوون
لەتۆدا پڕ پڕ ئەبێ
وای لەتۆ ، کە نیشتمانت
لێکردووە بە غەریب
خۆیشت بە خەون وخەیاڵ
وای لەتۆ ، کە ئەوت پڕ کردووه لە چاوەڕوانی
وای لەو کەسە ، کە هەر چەند دوورو دوورتریت
لە ئەودا نزیک و نزیکتریت