دیمانە – زاری كرمانجی:
سۆران وەكو یەكێك لە شارە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا یاریزانە ئافرەتەكان گەشەسەندنی بەرچاویان لە وەرزش بە خۆیانەوە بینیووە بە تایبەتی لە بواری یارییە هونەرییە جەنگییەكان، كچانی سنووری ئیدارەی سۆران بەردەوامن لە بەشداری كردن لە پێشبڕكێیە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكاندا و دەستكەوتی باشیان هەبووە، بۆیە لە یارییە هونەری جەنگییەكان زۆرێك لە یاریزانە ئافرەتەكان حەز بە هاتنە نێو جیهانی ئەو وەرزشە دەكەن و یاریزان و ڕاهێنەری ئافرەتی چاك لەم یارییانە هەڵكەوتوون.
نیهایەت سەلیم، دانیشتووی شاری سۆران یاریزانی یاری كیك بۆكسینگ و كۆنگفۆتوا بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: بەشداری كچان لە یارییە وەرزشییەكان لە سۆران نە تەنها وەكو چالاكییەكی تەندروستی بەڵكو وەكو ئامرازێكی گرنگ و نیشاندانی هێزی ئافرەتان لە كۆمەڵگادا سەیردەكرێت، ئەم گەشەكردنە بەردەوامە و ئاراستەی ئەرێنی هەیە بۆ ئایندەی دەڤەرەكەمان و هەرێمی كوردستان، ژمارەی یاریزانە كچەكان لە یارییەكانی هونەری جەنگی لە زیاد بوونە و لە داهاتوو كچانی پاڵەوان و لێهاتوو زیاتر لە سنووری ئیدارەی سۆران بەدیار دەكەون.
نیهایەت گوتی، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە یاریزانە كچەكان لەم دەڤەرە ڕووبەڕووی هەندێك ئاستەنگ دەبنەوە بە تایبەتی لە كەمی ئیمكانات و پشتگیری دارایی كە ئەمەش وایكردووە كاریگەری نەرێنی لەسەر بەشداریكردنی یاریزانەكان دروست بكات لە پێشبڕكێیە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، جگە لەمەش پێشنیار دەكەم پاڵەوانیەتی وەرزشی زیاتر لە یارییەكانی هونەری جەنگی لەم سنوورە بۆ كچان بكرێتەوە بۆ ئەوەی یاریزانەكان ئاستی ڕاستەقینەی خۆیان پێشكەش بكەن لە یارییەكان.
ئەم یاریزانە داوا دەكات بە شێوەیەكی گشتی لە سەرجەم وەرزشەكان زیاتر گرنگی بە كچە یاریزانەكان بدرێت لەم دەڤەرە، و سوپاسی زاری كرمانجی دەكات كە گرنگی زۆر بە بواری وەرزش دەدات.