وەرزش – زاری كرمانجی :
خیسۆس كاساس، پێشتر وەك یاریدەدەر لە یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا كاری كردووە، بۆ وەرگرتنی ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق گەیشتە بەغدا.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ئاماژە بەوە دەدات، ئەمڕۆ شەممە دەستەیەكی ڕاهێنەرانی ئیسپانیا بۆ وەرگرتنی ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق گەیشتە بەغدا، لەنێویاندا خیسوس كاساس، وەك ڕاهێنەری یەكەم، ئەلیخاندرۆ ڤارێلا لۆپێز، یاریدەدەری ڕاهێنەر، سلڤادۆر ڕۆمێرۆ، یاریدەدەری سێیەمی ڕاهێنەر، خاڤێر سانچێز، ڕاهێنەری توانای جەستەیی.
هاوكات لە چەند ڕۆژی ئایندە دوو ڕاهێنەری دیكەش بۆ تەواوكردنی ستافەكە دەگەنە عێراق، ئەوانیش پابلۆ گراندز وەك یاریدەدەری دووەم و شیكەرەوەی ئاست، میگێل ئەنخێل گۆنزالێز وەك ڕاهێنەری گۆڵپارێزان.
خیسۆس كاساس، تەمەنی 49 ساڵە لەدایكبووی شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیایە، لە 2003ەوە لە نێو جیهانی تۆپی پێدا وەك ڕاهێنەر كار دەكات، پێشتر لە 2010 وەك شرۆڤەكاری یارییەكان لە دەستەی ڕاهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنادا كاری كردووە، لە 2014 تاوەكوو 2017 بە هەمان پۆست لە یانەكەدا بووە.
ساڵی 2015 كە بارسێلۆنا نازناوی چامپیۆنزلیگی بردەوە، كاساس یەكێك بوو لە ئەندامانی ڕاهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنا، كە ئەوسا لویس ئێنریكی ڕاهێنەر بوو.
ئەزموونی كاساس، پەڕیوەتەوە بەهێزترین خولی ئەورووپا “پرێمەرلیگ”، و لە یانەی واتفۆردی ئینگلیزی وەك یاریدەدەری ڕاهێنەر كاری كردووە.
لە هەڵبژاردەی نیشتمانیش یاریدەدەری لویس ئێنریكی و ڕۆبێرتۆ مۆرینیۆ بووە لە مەشقدانەوەی هەڵبژاردەكەدا.
عێراق، ئامانجیەتی بەهێزەوە خۆی بۆ جامی كەنداوی 25 ئامادە بكات، كە ساڵی داهاتوو یارییەكانی لە بەسڕە بەڕێوە دەچن و شێرەكانی ڕافیدەین ئامانجیان بردنەوەی نازناوەكە.