هەژار ئەنوەر
بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن فێرخواز لە پەرستاری
هەڵبەتە دوای تەواو بوونی وەرزەكانی خوێندن و داخستنی ناوەندەكانی خوێندن، هەر لە فێرگەی ساوایانەوە تا دەگاتە كۆتا قۆناغی فێربوون كە خوێندنی باڵایە، پێویستە ئەو چەند مانگەی لەبەردەم، فێرخوازان دا بەشداری لە خولە جۆراوجۆرەكان بكەن وەكو خولەكانی ( كۆمپیوتەر، زمان) بەتایبەت ئەو زمانانەی كە پێویستییەكی هەنوكەین و دەرفەتی كار زیاتر دەڕەخسێنێن و لە ناوەندەكانی خوێندن زیاتر پێویستی پێ دەبێت، وەكو زمانی ( ئینگلیزی، عەرەبی و چینی و تاد، مەلەوانی، ژەنینی ئامێرەكانی میوزیك، شۆفێری) و هەر خولێكی تر كە ببێتە پاڵنەر و هۆكار بۆ دەوڵەمەندبوونی هەگبەی فێرخواز، بۆ فێرخوازە پزیشكییەكانیش مەشق و ڕاهێنانی خۆبەخشی بۆ بنكە و نۆرینگە پزیشكییەكان دەستەبەر بكرێت، ڕێگا خۆشكەرە بۆیان كە دوای دەرچوون و بەدەستهێنانی بڕوانامە لە پسپۆڕییەكەی خۆیان بەهێز و ئەزموونێكی دەوڵەمەندەوە لە پسپۆڕییەكەیان دەچنە نێو بازاڕی كار.
لەپاڵ هەموو ئەمانەشەوە لە پەرتووك خوێندنەوە دانەبڕێن و خوێندنەوە بكرێت بە فەرهەنگ و كولتوور، چونكە پەرتووك سەرچاوەی ئەندێشە و بەگەڕخستنی بیری مرۆڤە و سەرچاوەی زانیارییە نەبڕاوەكانە، هەروەك چۆن گەدەی مرۆڤ پێویستی بە خواردن و خوارنەوە و خۆراكە، ئاوا مێشكی مرۆڤیش پێویستی بە خۆراكە، خۆراكەكەش خوێندەوەیە. ئەگەر فێرخواز بیانووی نەبوونی كات و كاروكەسابەت و سەختی ژیان و كێشەی دارایی بێت، ئەوا دیسانەوە تەكنۆلۆژیا ئەم بیانووەی نەهێشتۆتەوە، كارئاسانی زۆری خستۆتە بەردەم فێرخوازان و بۆ بەشێكی زۆر لە خولەكان، وانە و كۆڕسەكان بەشێوەی ئۆنلاین و تۆماركراو بۆ بەكارهێنەران فەراهەم كردووە، هەركاتێك بیانەوێت دەتوانن سوود وەرگرن لە خول و كۆڕسەكان. كەواتە گەر خودی فێرخوازان ئیرادە و متمانەیان هەبێت، دەتوانن سوود لە پشووە درێژەكان وەربگرن، گەر نەشیانەوێت ئەوا شتێكی ترە، كە پەیوەستە بە خولیا و ئارەزووی خۆیانەوە بۆئەوەی بتوانن بە سوودە وەرگرتن لە كاتە خالییەكانییان كەسایەتیێكی هۆشیار و ڕۆشنفكر لەخۆیاندا پەروەردە بكەن.