زانا خەلیل
مردووەکان پارێز ناکەن
تا خۆیان لە زەخت و
سوکەری و سەرەتان و جەڵتە بپارێزن.
مردووەکان تێناکۆشن
تا قەڵای بەرزتر و
سەیارەی فاخرتر و
کێڵگە و دەشت و شاخی زیاتریان هەبێ.
مردووەکان بە نیازی جەنگ نین
تا زریپۆش و فڕۆکە و مووشەکی
بەهێزتر و مۆدێرنتر دروست بکەن.
مردووەکان
سەرۆک و وەزیر و پۆلیس و
زیندان و ئەشکەنجە و زوڵمیان نییە
هەموویان یەکڕەنگ
هەموویان یەکدەنگ
گۆرانیێکی بێدەنگ
بۆ عەدالەت و ئازادیی دەچڕن.
مردووەکان
زەواج ناکەن و منداڵ نانێنەوە
تا کارەساتێکی دیکە
بۆ بەشەرییەت بنێنەوە.
مردووەکان
وەرزش ناکەن تا زیاتر بژین
ناحەپێنن تا ناوبانگ دەرکەن
حەب لێنادەن تا وەک پاڵەوان دەرکەون
دزی ناکەن
درۆ ناکەن
گەوادیی ناکەن
مردووەکان ئاسمانن، ئاسمانی ساف.
مردووەکان ئاون، ئاوی ساف.
مردووەکان
ئیدی
نە لە نەخۆشی و
نە لە پیریی و
نە لە مەرگ ناترسن
مردووەکان ئیدی مردوون و
ئارام ئارام خەوتوون و
دەزانن لە زیندووان باشتر و جوانتر دەژین.
مردووەکان
ناترسن
لە هیچ هیچ شتێک ناترسن
گومان ناکەن و یەقینیشن
کە لە زیندووەکان زۆر جوانتر و باشتر دەژین.