گووتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڵاویکردەوە، ١٦٠ هاوپەیمانی و پارت و لیستی تاک ناوی کاندیدەکانیان تۆمارکردوە و لە ماوەی مانگێکدا وردبینیان بۆ ئەنجامدەدرێت.
جومانە غەلای، رایگەیاند: ١٦٠ هاوپەیمانی و پارت و لیستی تاک، ناوی کاندیدەکانیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشکەشکردووە.
گووتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: لیستی ناوی کاندیدەکان کە پێشکەش بە کۆمیسیۆن کراون، لەماوەی مانگێکدا وردبینییان بۆ ئەنجامدەدرێت، هەر کاندیدێک مەرجەکانی تیادا نەبێت، لە کاندیدبوون دووردەخرێتەوە.
بڕیارە رۆژی ١١ی تشرینی دوەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، هەرچوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق بەردەوام پشتیوانیی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا دووپاتدەکەنەوە و کۆمیسیۆنیش بەردەوامە لە ئامادەکارییەکان.