زاری كرمانجی – سۆران:
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە وەرزی هاوین، وەرزشوانان ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتییەوە، بەپێی لێكۆڵینەوە ئەكادیمییەكان، زیادبوونی پلەی گەرمی لە جەستە دەبێتە هۆی كێشەی تەندروستی و هەندێ جار مەترسی لەسەر ژیانی وەرزشوان دروست دەكات لە كاتی وەرزشكردن، چونكە گەرمای زۆر كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر لەش دەبێت و دەبێتە هۆی هەستكردن بە شەكەت و ماندووبوونی زۆر و كەمبوونەوەی جوڵە و چالاكی وەرزشی.
بۆیە یەكێك لە گرنگترین بنەماكانی خۆ پاراستن بۆ یاریزانەكان لە گەرمای هاوین زۆر ئاو خواردنەوەیە ومانەوەیە بە شێوەیەكی بەردەوام بە تایبەت لە كاتی چالاكی وەرزشی دا تەنانەت ئەگەر هەست بە تێنوێتیش نەكەی ئەوا هەر ئاو بخۆرەوە.
لە لایەكی دیكەوە هەڵبژاردنی جلوبەرگی گونجاو ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە پاراستنی جەستە لە كاتی گەرمای هاوین بۆیە واباشە جل و بەرگی تەنك و دوور لە نایلۆن و ڕەنگی كراوە یاریزان بپۆشێت.
هەروەها گرنگە وەرزشوان لە كاتێكی گونجاودا وەرزش بكات چونكە باشترین كات بۆ چالاكی وەرزشی لە هاویندا، لە بەیانی زوو یان كاتی ئێوارەیە كاتێك تیشكی خۆر زۆر بەهێز نیە و لەم كاتانە كاریگەری زۆری نابێت لەسەر لەشی یاریزانەكان، جگە لەمەش پێویستە یاریزان هەركات هەستی بە ماندووبوون و ناتەواوی جەستە كرد پشوو وەربگرێت ئەگەرنا كێشەی گەورەی تەندروستی بەدوای خۆی دێنێت بە تایبەت هەندێ نیشانە هەن دەرخەری ئەوەن كە گەرما كاریگەری خەراپی لەسەر یاریزان هەبووە كە بریتین لە سەرئێشە، هەست كردن بە ماندووبوونی زۆر، لێدانی دڵ بە شێوەیەكی خێرا، هەست بە شەكەت و دەم وشكبوونی زۆر، بۆیە كاتێك یەكێك لەم نیشانانە یاریزان هەستی پێ كرد، پێویستە یاریزانەكە دەستبەجێ لە یاری و چالاكی وەرزشی بوەستێ و لە شوێنێكی دوور لە تیشكی خۆر و گەرما پشوو وەربگرێت.
بۆیە گرنگە لە گەرمای زۆر یاریزانەكان كرێمی دژە خۆر بەكاربهێنن بۆ ئەوەی دووربن لە سوتانی هەندێ بەشی جەستەیان لە وەرزی هاوین بەتایبەتی بۆ ئەو بەشانەی جەستە كە دانەپۆشراون، ئەگەر سەرنج بدەن لە هەندێ یاری تۆپی پێ لە یاسای نوێ لە كاتی گێمی یەكەم و دووەم بۆ ماوەیەكی دیاریكراو یاری ڕادەگیرێت بۆ ئەوەی یاریزانەكان پشوو وەربگرن و ئاو بخۆن، بۆیە بە شێوەیەكی گشتی لە هاویندا گرنگە وەرزشوانان پشووی زیاتر وەربگرن بە تایبەت لە كاتی ڕاهێنانەكان، ئەمە بەتایبەتی گرنگە بۆ ئەو وەرزشانەی لە دەرەوە و لە ژێر تیشكی ڕاستەوخۆی خۆردا یاری ئەنجام دەدات، پاراستنی وەرزشوانان لە مەترسییەكانی وەرزی هاوین پێویستی بە بەرنامەڕێژی و ئاگاداری هەیە.