مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە دوو كۆڵبەری كورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەكدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بوونە قوربانی .
لە ڕاپۆرتەكەی هەنگاو هاتووە “بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 28ـى حوزەیران، سەیوان عەبدوڵڵا زادە، كۆڵبەری لاوی تەمەن 20 ساڵەی خەڵكی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری ئەو شارە كوژرا و كۆڵبەرێكی دیكەش بەناوی حوسێن خەڵكی گوندی «كێلەشین»ی سەقز بریندار بوو،”
هەنگاو جەخت لەوەش دەكاتەوە كە ئەو دوو كۆڵبەرە كوردە لە بەرزایییەكانی سنووری «ئاوپەڕ»ی حەوتتاشی سەر بە شاری بانە بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت تەقەیان لێكراوە .
هاوكات دە ئەسپی كۆڵبەرانیش هەمان ڕۆژ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كوژراون.

































































