دیمانە – زاری كرمانجی:
تیپی تۆپی پێی یانەی ئافرەتانی ڕواندز ماوەی ( ٦ ) ساڵە بەشداری دەكات لە خولی یانە پلە نایابەكانی كوردستان، خۆشبەختانە زۆربەی یاریزانەكان یاریزانی سەنتەری شار و دێهاتەكانی چواردەوری ڕواندزن، بە دڵنیاییەوە ئەگەر پاڵپشتی و گرینگیان پێبدرێت ئایندەیەكی گەش و چارەنوسێكی باشیان ئەبێ لە بواری تۆپی پێدا و لە یارییە جیاوازەكاندا، چونكە بە دڵنیاییەوە تواناو لێهاتوێكی زۆر باشیان هەیە لە بواری وەرزشەوە.
م. هیوا عبدوللە، ئەندامی كارگێری یانەی وەرزشی ڕواندز بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: بە داخەوە ئەوەی جێگای تێروانین و ئەسەفە بەدەم نەهاتنی بەرپرسانی شارەكەمان بۆ وەرزشە بەگشتی ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو دارمان و ڕووخان ئەچێ، كە ئەمەش لە داهاتوو كاریگەرییەكی نەرێنی زۆری دەبێت لە دواكەوتنی وەرزش، بێگومان تیپی تۆپی پێی كچانیش بەدەرنابێ، چونكە ئەوانیش بە هەمان شێوەی وەرزشەكانی دیكە چەندین كۆسپ و تەگەرەو بەربەستیان هەیە كە رەنگی داوەتەوە لە زۆربەی یارییەكان و وەرزش بە گشتی، نەبوونی شوێنێكی لەبار بۆ ئەنجام دانی یاری و مەشق و راهێنانەكان كێشەیەكی ترە هەروەها نەبونی لاوازی پاڵپشتی دارایی گرینگی نەدانی یانەكان بە وەرزشی ئافرەتان وادەكات وەرزش پێشنەكەوێت.
م. هیوا گووتی، پێویستە هەوڵ بدرێت لەم سنوورە یارییە وەرزشییەكان زەمینەسازی و پێشكەوتنیان بۆ بكرێت و پشتگیری بكرێن لە ڕووی داراییەوە بە پشت بەستن بە پلانی تۆكمە و زانستی، و گرنگیدان بە تیپەكانی ئافرەتان، جگە لەمەش خول و پاڵەوانیەتییەكان بۆ قوتابخانەكان و ناوەندی وەرزش و لاوان و یانەكان زیاتر بكرێنەوە و كە ئەمەش ڕۆڵی كاریگەریان دەبێت لە سەركەوتنی یاریزانەكان و بوژانەوەی وەرزشی.
گوتیشی، جێگای خۆشحاڵییە یانەی وەرزشی ڕواندز خاوەنی چەندین یاریزانی ئاست بەرز و نایابە لە یارییە جیاوازەكان بە تایبەت لە یاری تۆپی پێی كچان و ساڵانە بە پشتگیرییەكی كەمی مادی بەشداری چەندین خول و پاڵەوانیەتی وەرزشی دەكەین لە ئاستی كوردستان و عێڕاق، لە ئێستادا چەندین یاریزانمان بانگهێشتكراون بۆ تیپی لاوانی عێڕاق كە ئەمەش دەستكەوتێكی زێڕینە و شانازییە بۆ كچانی قەزای ڕواندز و ئیدارەی سۆران.