كاریگەری خوێندنی گرووپات لە پۆلدا
هیڤی عومەر یاسین- زاری كرمانجی:
كاتێك باس لە كاریگەری خوێندنی گرووپات لە پۆلدا دەكەین بیرمان بۆ دوو لایەن دەچێت، باش و خراپەكەی، لە سیستەمی كۆنی خوێندندا وا باو بوو كەوا قوتابی تەنیا زیرەكییەكەی بۆ خۆیەتی و ئەوەی دەزانێ نابێت بە كەس بڵێت، ئەمەش كاریگەری خراپی دەكردە سەر داهاتووی قوتابییەكە، بەڵام لەو سیستەمەی ئێستادا كاری گرووپات لە پۆلدا توانیویەتی گیانی سەركردایەتی و هاوكاری لە تاكدا دروست بكات.
زوڵەیخا محەممەد ساڵح، مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەی دێلزیانی وێژەیی كچان، بۆ زاری كرمانجی گوتی: بەشێوەیەكی گشتی شێوازی بەكارهێنانی گرووپات لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە، قوتابییان فێردەبن بەرپرسیارێتی هاوبەش بكەن و ئەركەكان ڕادەست بكەن و پشتگیری یەكتر بكەن، هەروەها لەوانەیە دەرفەتی وەرگرتنی ڕۆڵی سەركردایەتیان هەبێت، ئەمەش دەتوانیت یارمەتیان بدات بۆ پەرەپێدانی تواناكانی خۆیان.
ئەو مامۆستایە، دەشڵێ: قوتابییەكان دەتوانن لە یەكترەوە فێربن و بیرۆكە و زانیارییەكان ئاڵوگۆریان پێ بكەن و لەسەر بنەمای خاڵە بەهێزەكان بڕیار بدەن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت لە شێوازی گرووپات قوتابی زیاتر فێر دەبێت، چونكە كاتێك لە گرووپێكدا كاردەكەیت، ڕووبەڕووی ئاستەنگەكان دەبیتەوە پێویستە پێكەوە بیر بكەنەوە و مێشكیان كۆبكەنەوە و زانیاریەكان شیبكەنەوە و چارەسەرەیان بۆ بدۆزنەوە، ئەگەر قوتابییەكە لەناو گرووپەكە نەیتوانی بابەتەكان ڕوون بكاتەوە یان شەرمن بێت هەستی شەرم كردن بەسەری زاڵ بێت یانیش توانای گفتوگۆی نەبێت، ئەوە لەو كاتەوە ئەندامانی گرووپەكە دەتوانن ڕووح و گیانی هاوكاری دروست بكەن، هەروەها كاركردن بە گرووپ، دەبێتە هۆی دروستكردنی دیدگە و شێوازی جیاواز لە بیركردنەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كە بەكارهێنانی ئەم جۆرە ڕێگایە پێویستە پلانەكانی فێركار (مامۆستا)تۆكمە بن و ئامانجەكانی ڕوون و دیاریكراو بن و مامۆستا تەواو ڕێنماییكار و چاودێر بێت بەسەر قوتابییان و دەرفەت دان بە گشت قوتابییان بە پێدانی ڕۆڵی سەركردە لە هەمان ئەو گرووپە ٤ یان ٥ كەسییە، بەڵام گۆڕینی ئەركی سەركردە ئەمەش یارمەتی قوتابییانی ئاست لاواز دەدات بۆ باشتر بوون و هەست كردن بە بەرپرسیاریەتی.
ڕێنمایكاری دەروونی ئیدریس محەممەد بەتوێژینەوە وەڵامی لایەنە باش و خراپەكانی كاری گرووپات دەداتەوە و دەڵێت: خوێندنی گرووپات وەكو یەكێك لە شێوازە گرنگەكانی فێربوون لە سەردەمی ئێستادا لە سیستەمی پەروەردەدا بەكاردەهێنرێت، ئەم شێوازە لە خوێندنەوە كە چەندین قوتابی پێكەوە كۆدەبنەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بابەتەكە دروست دەكەن و ئاڵوگۆڕی بیروڕاكان دەكەن، كاریگەری بەرچاوی لەسەر ئەدای ئەكادیمی و گەشەی كەسایەتی قوتابییان هەیە، بەپێی لێكۆڵینەوە زانستییەكان، ئەم شێوازە لە خوێندنەوە هەم كاریگەری ئەرێنی و هەم كاریگەری نەرێنی هەیە كە پێویستە لە بەرچاوگرتن بێت، توێژینەوەكان دەریانخستووە كە خوێندنی گرووپات یارمەتی قوتابییان دەدات لە باشتركردنی تێگەیشتنیان لە بابەتەكان، تایبەت لە بوارەكانی زانیاری ئەكادیمی، كاتێك قوتابییان لە گرووپەكان كۆدەبنەوە، دەتوانن بیروڕاكانیان ئاڵوگۆڕ بكەن و ڕوانگەی جیاواز بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكان بەدەست بهێنن، لەپاڵ ئەوەشدا چەند كێشەیەك دەخاتەڕوو و دڵێت: كێشەی هاوكاری نەكردن هەرچەندە خوێندنی گرووپات سوودی بۆ قوتابییانی ئاستی جیاواز هەیە، بەڵام كێشەی هاوكاری نەكردنی هەندێك ئەندام بەردەوام مایەوە، ئەمەش واتە هەندێك ئەندام پشت بە كاری خەڵكانی تر دەبەستن، بەپێی ئەو بەڵگە زانستییانەی كە هاتوونەتە ئاراوە، خوێندنی گرووپات كاریگەری دووڕووەی هەیە، كە پشتگیری بەهێزیان بۆ سوودەكانی فێربوون و كاركردنی قوتابی لە گرووپدا نیشانداوە، چونكە كاری هاوبەش هەم دەستكەوتی ئەكادیمی و هەم توانای هاوكاری پەرەپێدەدات.
سەركەوت عبدالرحمن عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری قوتابخانەی كوڕەكی ناحكومی، بۆ زاری كرمانجی ڕوونیكردەوە: شێوازی گرووپ بە شێوەیەكی گشتی ئامرازێكی پەروەردەیی فێربوون و فێركردنی كاریگەرە ئەگەر بە باشی پلان بۆ داڕێژراو و وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشتركردنی كواڵیتی فێربوون و پەرەپێدانی توانای كۆمەڵایەتی و پەیوەندی لێهاتووی و فێربوونی كرداری فێرخوازان و دەرخستنی توانا و لێهاتووە شاراوەكانیان، ئەم شێوازە فێركردنەی بە گرووپ پشت دەبەستێت بە دابەشكردنی فێرخوازان بۆ گرووپی بچووك بۆ كاركردن بەیەكەوە لەسەر ئەركێكی خوێندن یان پڕۆژەیەكی پەروەردەیی دیاریكراو، ئامانجی ئەم شێوازە زیاتر پەرەپێدانی فێربوونی چالاك و چێژبەخش و پەرەپێدانی تواناكانی پەیوەندی و هاوكاری نێوان فێرخوازانە، دانانی ئامانج، پێویستە ئامانجی ڕوون بۆ ئەرك یان پڕۆژەكە دابنرێت بۆ ئەوەی بە كۆمەڵ گفتوگۆی لەسەر بكرێت، پێكهێنانی چەند گرووپێك دەتوانرێت لەسەر بنەمای ئاستی قوتابییان، ئارەزووەكان، یان بە هەڕەمەكی پێكبهێنرێن، دابەشكردنی ڕۆڵەكان دەتوانرێت ڕۆڵی دیاریكراو لە نێو هەر گرووپێكدا دابەش بكرێت، وەك سەرۆكی گرووپ، وتەبێژی گرووپ، جێبەجێكردنی فێرخوازان دەست دەكەن بە كاركردن لەسەر ئەركی دیاریكراو، لەكاتی پێویست پشتگیری و ڕێنمایی لە مامۆستاوە وەردەگرن، بۆ دڵنیابوون لە بەدیهێنانی ئامانجەكانیان بە دروستی و هەڵسەنگاندنی ئەدا و ئەنجامەكانی هەر گرووپێك هەڵدەسەنگێنرێن و هەڵسەنگاندن بۆ كۆی دەرئەنجامەكان دەكرێت، بەشێوەیەكی گشتی لە ئێستادا فێربوون و فێركردن بە ڕێگا و شێوازی بە كۆمەڵ و گرووپات دەتوانرێت ببێتە هۆكار و ئامرازێكی كاریگەر لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، بەڵام گەر بە شێوازی دروست جێبەجێ بكرێت.