“قوتابی فێرە ڕەفتاری نەشیاو شەرانگێز و لاسایی كرنەوە دەكات كە لەگەڵ داب و نەریتی كۆمەڵگەی ئێمە ناگونجێ”
مستەفا دۆلەمەری- زاری كرمانجی:
لە سەردەمی ئێستادا ئامێرە ئەلكترۆنییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆر بە ئاسانی دەگەنە دەستی هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە و بەكارهێنانیشی هەر چەند سوودی هەیە، زیانیشی هەیە، بەتایبەتی لەسەر پەروەردە و فێركردنی منداڵ، لەم ڕاپۆرتەدا چەند مامۆستایەكی شارەزا لەم بوارە باس لە كاریگەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر پەروەردە و فێركردنی منداڵ دەكەن.
د. كارزان حەسەن شێخ وەتمانی، مامۆستای بەشی كۆمەڵناسی و كاری كۆمەڵایەتی لە زانكۆی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: گەر سەیر بكەین دەبینین كە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوونەتە بەشێك لە ژیانی ئێمە و كاریگەریەكانیان بەرچاون لەسەر زۆربەی بوارەكانی ژیان چ بە شێوەی ئەرێنی، چ بە نەرێنی، بەڵام كاریگەریەكی زۆری هەیە لەسەر پەروەردە و فێركردنی منداڵ، بەتایبەت كە منداڵ لە قۆناغێك دایە كە زۆر هەستیارە و لە گەشەكردندایە نە چۆتە قۆناغی پێگەیشتن كە تا تەمەنی ١١ و ١٢ ساڵی كە پێی دەڵێن، قۆناغی منداڵی و لەو قۆناغەدا منداڵ لە سەرەتای تەمەنیەتی، بۆیە لەڕووی فكری و ئەقڵی و جەستەی پێنەگەیشتووە، بۆیە هەموو ئەو شتانەی كە لە دەوروبەری ڕوودەدەن لەو ژینگە كۆمەڵایەتییەی كە تێیدا دەژیت واتە هەر شتێك كە دەبینێت و دەبیستێت كاریگەری لەسەر ڕەفتارەكەی دروست دەكات و دەبێتە بەشێك لە كەسایەتی ئەو منداڵە، زۆر جار منداڵ هۆگری تۆرە كۆمەڵایەتییەكان دەبێت، بەم هۆیەوە خوێندنەكەی پشتگوێ دەخات و هەموو كاتەكانی بەفیرۆ دەدات بەهۆی سۆشیاڵمیدیاوە و دووری دەخاتەوە لە ئەركەكانی قوتابخانە و ئەمەش كاریگەری دروست دەكات لەسەر دەستكەوتی خوێندن لە لای ئەو قوتابییە، جگە لە لایەنی دەروونی، كاتێك منداڵ ئەو شتانە دەبینێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەكو توندوتیژی و جنێودان و چەندین شتی دیكەی زیان بەخش ئەوانەش توشی ترس و قەلەقی دەكات.
سعادەدین حەسەن، مامۆستا و توێژەری دەرووناسی لە زانكۆی سۆران، دەڵێت: ئەمڕۆ لە كۆمەڵگەی كوردی دایك و باوك بەو شێوەیە ناتوانن كۆنترۆڵی منداڵەكانیان بكەن كە دەیانەوێت، چونكە سۆشیاڵ میدیا ئەمڕۆ بۆتە قوتابخانەیەك بۆ پێگەیاندن و پەروەردەكردنی منداڵ، زۆر جار دایك و باوك منداڵەكەی فەرامۆش دەكات تەنیا بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی لەدەست دەنێت و لە وانەیە زۆرجاریش بە شانازیەوە ئەو كارە بكات، بەڵام بێ ئاگایە كە بەدەستی خۆی ڕەوشتی پەروەردە و فێركردنی منداڵەكەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، منداڵەكەی بە كەیفی خۆی هەر تۆڕێكی كۆمەڵایەتی بیەوێت دەتوانێت تەماشای بكات و بەكاری بهێنێت، ئەمەش وادەكات كە دەتوانین بڵێین تۆرە كۆمەڵایەتییەكان بوونەتە جێگرەوەی دایك و باوك، منداڵ هەر شتێكی بیەوێت دەتوانێت تەماشای بكات جا خراپ بێت یان باش، ئەو ڕەفتار و هەڵسوكەوتانەی كە منداڵ دەیبینێت دووبارە دەكاتەوە و دەبێتە بەشێك لە كەسایەتی و داهاتووێكی خراپ بۆ ئەو منداڵە دروست دەكات، زۆر جار زۆر بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنییەكان گرفتی كەم خەوی، قسەنەكردن و لە زۆر شت بێ ئاگا دەبێت و گۆشەگیر دەبێت و لە سوچێكی ماڵەكەیدا بە تەنیا دادەنیشێت و بەردەوام بیر و هزی لەسەر مۆبایلەكەیە.
سعادەدین حەسەن، دەشڵێت:” تۆرە كۆمەڵایەتییەكان جگە لە لایەنی خراپی لایەنی بەسوود و باشی هەیە بۆ منداڵان، دەتوانین بڵێین تۆرە كۆمەڵایەتییەكان پێویستە كە بۆ قوتابییەكان و كاتێك بیانەوێت بەشێوەی گرووپ بیرۆكەكانیان هاوبەش بكەن و سۆشیاڵ میدیا دەتوانن بەكاربهێنن بۆ ئاشنابوون بە وڵاتان و كولتوری جیاوازی وڵاتان و دەتواندرێت بەكاربهێنێت بۆ دروستكردنی پەیوەندیە كۆمەڵایەتییەكان و چەندان بابەتی بە سوودی دیكە.
ئومێد گەیلانی، ڕاهێنەری نێودەوڵەتی گەشەپێدانی مرۆیی، ئاماژەی بەوەدا: بێگومان سۆشیاڵ میدیا كاریگەری ئەرێنی و نەرێنی هەیە و زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی سۆشیاڵ میدیا دەتوانێت كاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی خوێندنی منداڵ هەبێت، ئەو زێدەڕۆییە لە خەرج كردنی كات و سەرقاڵكردن كاریگەری ڕاستەقینەی هەیە لە دابەزینی ئاستی قوتابی لە ڕوویی نمرە و دابڕانی لە كۆمەڵگە، هەموو ئەم هۆكارانە دەتوانن بەشداربن لە كەمبوونەوەی جیهان بینی منداڵ و دروستبوونی كەسایەتیەكی ناجێگیر، چونكە ئاڵوودەی سۆشیاڵ میدیا و یارییە ئەلكترۆنییەكان دەبێت، هەروەها بیریشمان نەچێت لایەنی ئەرێنیشی هەیە سۆشیاڵ میدیا و پەنجەرەكانی تر دەكرێ لە ژێر ڕێنمایی دایك و باوك بگەڕێن بەدوای بابەتە زانستییەكان و ئاستی زانستییان پێ بەرز بكەنەوە.
ئومێد گەیلانی، دەشڵێت: پێویستە مامۆستایانی بەڕێز لە قوتابخانەكان لەپاڵ وانە گوتنەوە بە قوتابییان ئەركە پەروەردەییەكەیان تەواو بكەن و ڕێنمایی تەواو بدەن بە قوتابییان كە چۆن كاتەكانیان دابەش بكەن لە نێوان ئەركەكانی قوتابخانە و بەكارهێنانی سۆشیاڵ میدیا.