” هۆڵی بۆنەكانی ئیدارەی سۆران موڵكی گشتییەو ئەركە هاووڵاتییان لەكاتی كارو چالاكییەكان پارێزگاری لە كەلوپەل و ژینگەی هۆڵەكە بكەن “
دیدار-محەمەد هەسنانی
بەڕێوەبەری هۆڵی بۆنەكانی ئیدارەی سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجی دەڵێت: ” هۆڵی بۆنەكان بۆ خزمەتی خەڵكی سۆران و شارو شارۆچكەكانی دەورووبەر دروست كراوەو ئەركە هەموومان هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەین، لە پاراستنی كەل و پەلەكانی هۆڵەكە، هەروەها لە بەرنامەو پلانماندایە بەپێی ئەو بوددجەیەی بۆمان دابین دەكرێت، خزمەتگوزاری زیاتر پێشكەش بكەین.
لە بەردەوامی قسەكانیدا مەنسوور محەمەد گەردی، بەڕێوەبەری هۆڵی بۆنەكانی ئیدارەی سۆران، دەڵێت:” هۆڵی بۆنەكانی ئیدارەی سۆران بە گەورەترین هۆڵ لە سنوورەكەمان دادەندرێت، كە زیاتر لە 700 كورسی دانیشتنی هەیە و دوو نهۆمە، جگەلەوەش چەندین ژوور لە خۆدەگرێت بۆ ئەنجامدانی خول و سمینار و كارو چالاكییەكان بە گشتی، لە دەرەوەی هۆڵەكەش ڕووبەرێكی فرەوانی هەیە، بەمەش زۆرجار چالاكییەكان لەوێ بەڕێوەدەچن، واتە زۆربەی ئەو چالاكییانەی لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكرێن، ئەگەر بەر فرەوان بێت لە هۆڵی بۆنەكان ئەنجام دەدرێن”.
دەشڵێت: “چەند ساڵێكە هۆڵی بۆنەكانی سۆران دروستكراوە پێش من چەند كەسێك وەك بەڕێوەبەری دەست بەكاربوونە، لە ماوەی ڕابردووشدا بە فەرمانێك من وەك بەڕێوەبەری هۆڵەكە دەست نیشان كرام، هەركەسێكیش كە لە شوێنێك دەستبەكار دەبێت، بەرنامەو پلانی تایبەت بەخۆی دەبێت، بە ئامانجی خزمەتكردنی زیاتر بە خەڵكی دەڤەرەكەمان، هیوادارم بە هاوكاری ئیدارەو قائیمقامیەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان و ئەوانەی لەگەڵم كاردەكەن، جوانترین خزمەت پێشكەش بكەین”.
ئاماژەشی بەوەدا، لە ڕووی نۆژەنكردنەوەی هەندێ لە ژوورەكان و بەردەم هۆڵەكەو دابینكردنی پێداویستی و پڕكردنەوەی كەم و كۆڕییەكان، هەروەها بەپێی ئەوەی كە چالاكی فرەوان لە هۆڵەكە ئەنجام دەدرێن، بەدڵنیاییەوە دەبێت خزمەتگوزاری پێویستیشی بۆ ئەنجام بدرێت، تا لە ئاست خواستی میوانان و خەڵكی سنوورەكەمان بێت”.
مەنسوور محەمەد گەردی، دەشڵێت :” جگەلە بەشەكانی خۆمان بەپێی ئەوەی هۆڵەكە فرەوانەو چەندین ژوور لە خۆدەگرێت، بەمەش شوێنی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی ئیدارەی سۆران و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی لقی سۆران، لە هۆڵەكە شوێنیان بۆ كراوەتەوەو چەند ژورێكیان پێدراوەو ڕۆژانە ئیش و كاری هاووڵاتییانی لێ ڕایی دەكەن.
لە كۆتایی قسەكانیدا بەڕێوەبەری هۆڵی بۆنەكانی ئیدارەی سۆران، داواكاربوو لە هاووڵاتییان لەكاتی بەشداری كردنیان لە كاروچالاكییەكان هۆڵەكە بە ماڵی خۆیان بزانن و زیان بە كەلوپەلەكانی نەگەیەنن، هەروەها ژینگەی دەورووبەریان بپارێزن، چونكە ئەوە موڵكی گشتییەو فەرمانگەیەكی حكوومییە دەبێت هەمووان هەست بە بەرپرسیارییەتی بكەین، هەر چالاكییەك نییە بەڵكوو بەردەوامە لە خزمەتكردن و پێشوازی كردن لە خەڵك لەكاتی ئاهەنگ و بۆنەكاندا، بۆیە ئینتیمایی نیشتیمانی و خۆشویستنی شارەكامن پێویستە لەسەرووی هەموو شتێكەوەبێت”.