ڕاپۆرت-زاری كرمانجی
ساڵانە لەم وەرزەدا ژمارەیەكی بەرچاو لە گەشتیاران و هاووڵاتییان، بۆ گەشت و سەیران ڕوو لە ناوچەی پڕژەی باڵەكایەتی دەكەن، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمانیش داواكارە لە هاووڵاتییان و گەشتیاران لە كاتی گەشتكردنیاندا نەچنە ژێر تونێلە بەفرینەكان، چونكە بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرماوە، مەترسیی توانەوە و داڕووخانیان هەیە.
لایەنە پەیوەندیدارەكان و گەشتوگوزاری قەزای چۆمان، داواكارن لە هاووڵاتییان و گەشتیاران، لەكاتی سەردانی كردنیان بۆ پڕژەی باڵەكایەتی و ناوچە گەشتیارییەكانی ناوچەكە بەگشتی، پابەندی ڕێنماییەكان بن هەروەك لە زۆربەی شوێنەكان تابلۆی هۆشیاركردنەوە هەڵواسراوە، لەو ڕووبار و تونێلە بەفرین و ئەو شوێنانەش نزیكنەبنەوە كە مەترسیدارن، لە پێناو ئەنجامدانی گەشتێكی خۆش و سەلامەت بۆ هەموو لایەك”.
داواكاریشن لەو كەسانەی بۆ گەشت و سەیران ڕوو لە دەڤەرەكە دەكەن، ژینگەی ناوچەكە لەبەرچاو بگرن و پیسی نەكەن، لەدوای خۆیان پاشماوەی خۆراك و خواردنەوە كۆبكەنەوە و بیخەنە ناو كیسی زبڵ و لە پاڵ ڕێگا یان لە شوێنێكی گونجاو دای بنێن لە پێناو ئەوەی تیمەكانی پاككرەوە هەڵی بگرنەوە و هەموو لایەك لە ئاست پاراستنی ژینگە هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن”.
شێروان خالید، چالاكوانی شاخەوانی لە سنووری ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت: كوێستانی پڕژە و كانیەڕەش لە سنووری قەزای چۆمان، بەهۆی بەرزی پلەی ساردی لە ناوچەكە لە چوار وەرزی ساڵدا بەفری لێنابڕێت، ئەوەش وایكردووە ڕۆژانە بەتایبەت لە وەرزی هاوین و گەرمادا خەڵكێكی زۆری ناوچەكە و گەشتیاران ڕووی تێبكەن و كاتێكی خۆش لەناو سروشتی ناوچەكە بەڕێ بكەن، تەنانەت من خۆم ساڵانە چەندین جار سەردانی ئەو شوێنە دەكەم”.
گووتیشی:”بەپێی ئەوەی ناوچەكە شاخاوییە پێویستە هاووڵاتییان هۆشیاربن لەكاتی گەشتكردنیاندا، هەروەها خۆیان بەدوور بگرن لە سەركێشی و چوونیان بۆ ژێر تونێلە بەفرینەكان، چونكە زۆرجار دەبێت هۆی خزین و داڕمانیان و مەترسی ئەوە هەیە بكەونە ژێرەوەیان، بەداخەوە لە ساڵانی ڕابردووش ڕووداوی وا هەبووە، كەسانێك بەهۆی كەوتنە ژێر تونێلە بەفرینەكان بوونەتە قوربانی و گیانیان لە دەستداوە”.
لای خۆیەوە هەڵگورد محەمەد ناوەندەیی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزای چۆمان، بە زاری كرمانجی گووت: ساڵانە لەم وەرزەی گەرمادا ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران و هاووڵاتییان، بۆ گەشت و سەیران ڕوو دەكەنە ناوچەی پڕەی باڵەكایەتی، بۆیە ئاگاداری ئەو كەسانە دەكەینەوە، بەهیچ شێوەیەك نزیك نەكەونەوە لە تونێلە بەفرینەكان و بەسەر كەویە بەفرەكان نەكەون، چونكە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە تونێلە بەفرینەكان، بەرەو توانەوەو داڕمان چوونە و مەترسی دەخەنە سەر گیانی گەشتیاران “.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزای چۆمان، ئاماژەی بەوەشدا: “بەداخەوە لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی داڕمانی تونێلە بەفرینەكان چەند گەشتیارێك بەركەوتوون و دووچاری گیان لەدەستدان و بریندار بوون بوونەوە، بۆیە پاراستنی گیانی گەشتیاران و هاووڵاتییان لە سەرووی هەموو شتێكە بەلامانەوە، هیوادارین هەموو لایەك پابەندبێت بە ڕێنماییەكانمان لە پێناو بەسەر بردنی گەشت و سەیرانێكی خۆش و سەلامەت.