کەشناسێکی شارەزا ڕایدەگەیەنێت” بارستە هەوایەکی سارد ڕوو لە هەرێم دەکات و بەشێوەیەكی نائاساییش پلەكانی گەرما بە نزیكەی 12 پلە دادەبەزن”.
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاندووە” پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای مانگی داهاتوودا لە نێوان 2 بۆ 5ی تەموز بارستە هەوایەکی سارد لە ڕۆژهەڵاتی ڕوسیاوە بگاتە ناوچەکانی باکووری ئێران و هەرێمی کوردستان و عێراق”.
ئەوەشی خستەڕوو، کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکانی باکووری ئێران دەبێت بە باران و کەشێکی سارد و لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە چالاکبوونی بای بەهێز و فێنکی باکووری ڕۆژهەڵات کاریگەری دەبێت.
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی نزمبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ ئەوکاتەی ساڵ لە پلەکانی گەرمادا دەکرێت بەنزیکەی 8 تا 12 پلە کە ئەمەش کەشێکی زۆر فێنک لە ناوچەکەدا دروست دەکات کە بۆ مانگی تەموز تا ڕادەیەک دەگمەن و نائاسایی دەبێت.