بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسوولەی خۆراک هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و رایدەگەیەنێت، تەنیا دوو هەفتە مۆڵەت لەبەردەمیاندا ماوە بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکیان و داواشیان لێ دەکات پەلە بکەن بۆ ئەوەی لە وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە بێبەش نەبن.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمی کە بڵاو کراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر جەختی کردووەتەوە کە “پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسووڵەی خۆراک بەردەوامە و تەنیا دوو هەفتەی دیکە بەردەوام دەبێت.”
لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە کراوە کە تاوەکوو ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە، داوا دەکرێت پەلە بکەن و سەردانی بنکە دیاریکراوەکان بکەن، بۆ ئەوەی لە وەرگرتنی بەشە ئازووقە بێبەش نەبن.
پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک هەنگاوێکی حکوومەتە بۆ رێکخستنەوەی میکانیزمی دابەشکردنی بەشەخۆراک و کەمکردنەوەی رۆتین و دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی بەشەخۆراک بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر هاووڵاتییاندا.