مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا داوا لە وڵاتی چین دەكات كە ئێران لە بیركردنەوەی داخستنی گەرووی هورمز پاشگەز بكاتەوە و دەشڵێت “ئەگەر ئێران بیر لە كارێكی ئاوا بكاتەوە، دەبێتە خۆكوژیی ئابووریی بۆ خۆی.”
ماركۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە كەناڵی فۆكس نیووزی ئەمریكای ڕاگەیاند “چین بە شێوەیەكی بەرچاو بۆ دابینكردنی نەوت و وزە، پشت بە گەرووی هورمز دەبەستێت، هەر بۆیە داوا لە حكومەتی پەكین دەكەم پەیوەندیی بە تاران بكات بۆ ئەوەی لە تۆڵەی هێرشەكانی واشنتن بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەكانی، ئەو گەرووە دانەخات،”
دەشڵێت “ئێران بە دەست بردن بۆ ئەو بژاردەیە، هەڵەیەكی گەورەی دیكە دەكات و دەشبێتە خۆكوژیی ئابووری بۆ خۆی و لەبەرامبەریشدا ئەمریكاش بژاردەی دیكەی هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ داخستنی ئەو گەرووە،”
گەرووی هورمز، لە ڕووی ئابوورییەوە بە گرنگترین ڕێڕەوی ئاوی ناو دەبرێت و ڕۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت كە دەكاتە پێنج یەكی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.