ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان, پێشوازیی لە فوئاد مەجالی، کونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن لە هەرێمی کوردستان کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی لە هەرێم.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، “سەرۆکی حکوومەت وێڕای سوپاسکردنی کونسوڵی گشتیی ئوردن بۆ ئەو ماوەیەی کاری بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە کردووە، هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.”
سەرۆکی حکوومەت، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، “ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانە و تایبەتیی نێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان کرد و پێزانینیشی بۆ پشتیوانیی شا عەبدوڵلای دووەم لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.”
لای خۆیەوە کونسوڵی گشتیی ئوردن، ئاماژەی بەوە دا، “دەستکەوتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا مایەی شانازین. هەروەها سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی.”