مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت “ئێران هەموو بژاردەكانی بەرگریكردنی لەبەردەمدایە،” و دەشڵێت ” تاران وەڵامدانەوەی دەبێت.”
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی تاران لە ڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی X پەیامێكی ئاراستەی ئەمەریكا كرد و ڕاگەیاند “واشنتن بە هێرشكردنەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەكان، پێشێلكارییەكی جددی ئەنجامدا و و تاران هەموو بژاردەكانی بەرگریكردنی لەبەردەمدایە،”
عراقچی ئاماژەی بەوەش كرد “ڕووداوەكانی ئەم بەیانییە ترسناكن و لێكەوتەی جددی دەبێت، پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان ئیدانەی ئەو ڕەفتارە تاوانكاری و مەترسیدارەی ئەمەریكا بكات.”
دەشڵێت “بە پێی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان ئێران هەموو بژاردەیەكی لەبەردەمدایە بۆ بەرگریكردن لە سەروەری خۆی لەدوای هێرشەكانی ئەمەریكا،”
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، كاتژمێر (3) ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 22ی حوزەیران ڕاگەیاند كە بە فڕۆكەی جەنگی و مووشەكەوە هێرشیان كردووەتە سەر بنكەی ئەتۆمی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانی ئێران.”

































































