ترەمپ: فرۆكەكانمان ئاسمانی ئیرانیان جێ هێشتووە
“ئیران دەبێ ئاشتی بکات هێرشەکانی داهاتوو بەربڵاوتر دەبێت”
دۆناڵد ترەمپ شەوی شەممە لە وتارێکدا بۆ گەلی ئەمریکا ڕایگەیاند کە سوپای ئەمریکا “هێرشی بەرفراوان و ورد”ی لەدژی بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنز و ئیسفەهان لە ئێران ئەنجامداوە.
دۆناڵد ترەمپ گووتی: ئامانجی ئێمە لەناوبردنی توانای پیتاندنی ئەتۆمی ئێران و وەستاندنی هەڕەشەی ئەتۆمی بوو لە لایەن ڕژێمێکەوە کە دەوڵەتی ژمارە یەکی سپۆنسەری تیرۆرە لە جیهاندا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمشەو دەتوانم ڕاپۆرتێک بۆ جیهان بدەم کە ئەم هێرشانە سەرکەوتنێکی سەربازی بەرچاویان هەبووە. “دامەزراوە سەرەکییەکانی پیتاندنی ئەتۆمی ئێران بە تەواوی لەناوچوون”.
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێران – چەوسێنەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – دەبێت ئێستا ئاشتی بکات. ئەگەر ئەو نەکات، هێرشەکانی داهاتوو زۆر بەربڵاوتر و زۆر ئاسانتر
دەبن.
لەلایەكی دیكەوە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 22-6-2025، لە دەیەمین ڕۆژی شەڕی ئیسرائیل
لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند ئەمریکا “بە سەرکەوتوویی”هێرشەکەی بۆ سەر سێ شوێنی ئەتۆمی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان كۆتایی پێ هێنا و فڕۆکە شەڕکەرەکان ئاسمانی ئێرانیان بەجێهێشتووە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت، لە هێرشەکەدا فڕۆکەی شەڕكەری ئەمریکی بی-2 کە هەشارگە دەشکێنێت، بەکارهێنراوە.
ترەمپ گووتی: “بارێکی تەواوی بۆمب لە شوێنی سەرەکی فۆردۆ فڕێدرایە خوارەوە بە تەواوەتی لە ناوبردران.