عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی شەممە 21ی حوزەیرانی 2025، لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڵێنی دا دوای کۆتاییهاتنی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل، حسابی گرۆسی یەکلایی دەکەنەوە. شەوێک پێشتریش لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا گوتبووی وا لە سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) دەکەن کە “باجەکەی بدات.”
هەڕەشەکەی عەلی لاریجانی لە کاتێکدایە کە ڕافائێل ماریانۆ گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی IAEA، کەوتووەتە بەر هێرش و ڕەخنەی زۆرێک لە بەرپرسانی ئێران کە دەڵێن لێدوانە دژبەیەکەکانی سەبارەت بە دۆخی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، هانی هێرشە لەناکاوەکەی ئیسرائیلی داوە.
گرۆسی ڕۆژی هەینی بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوت هەرچەندە ئێران کەرەستەی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی هەیە، بەڵام وا دیارە هیچ پلانێکیان بۆ ئەوە نییە.
حەفتەیەک بەر لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گرۆسی لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی لوتکوی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، هۆشداریی دابوو ئێران لە بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی نزیک بووەتەوە و پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی 60٪ لە لایەن ئەم وڵاتەوە هیچ پاساوێکی ئاشتخوازانە و ناسەربازیی نییە.