” تائێستا نزیكەی 1000 گەنج لە خول و چالاكییەكانمان سوودمەند بوونە “
دیدار-محەمەد هەسنانی
سەرۆكی رێكخراوی ئاڤاشین دەڵێت: “ڕێكخراوەكەمان قازانج نەویستە بە بەشداری زیاتر لە 100 ئەندام بە شێوەیەكی خۆبەخشی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كاروچاڵاكی ئەنجام دەدەین، بە ئامانجی خزمەتكردنمان بە گەنج و لاوانی كوردستان بە تایبەت لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
ناسیح بەهائەدین، سەرۆكی ڕێكخراوی ئاڤاشین، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “ڕێكخراوی ئاڤاشین بۆ گەشەپێدانی مرۆیی بە پاڵپشتی كومەڵێك گەنج و لاوی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە رێكەوتی 21ـی1ـی2019 دامەزرا، لەلایەن فەرمانگەی رێكخراوەكانی ناحكوومی مۆڵەتی فەرمیمان وەرگرت، كە رێكخراوێكی قازانج نەویستە بە بەشداری زیاتر لە 100 ئەندام بە شێوەیەكی خۆبەخشی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كاروچاڵاكی ئەنجام دەدەین و ئامانج لە دامەزراندنی ئاڤاشین بۆ خزمەتكردنی زیاتری گەنج و لاوەكانی كوردستانە، بە تایبەت لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دید و پەیامی رێكخراوەكەمان بریتییە لە (مرۆڤایەتی، بونیاتنان و بەرەوپێشچوون)ـ كە سێ بنەمای سەرەكین بۆ كاركردنمان”.
گووتیشی: “سەبارەت بە كاروچاڵاكیەكانی رێكخراوەكەمان، هەروەك رێكخراوێكی گەشەپێدانی مرۆیین، گەشەپێدانی مرۆیش زۆر لق و پۆپی هەیە، كە دەكرێت لە زۆر بواردا كاربكەین، بەڵام بواری كاركردنی ئێمە زیاتر لە بواری هوشیار، تەندروستی، پێگەیاند، رۆشنبیری و هونەرین. كە هەست دەكەین لەو بوارە زیاتر گەنج پێویستی پێ هەیە بە تایبەت بابەتی هوشیاری كە لە ماوەی رابردوودا هەڵمەتێكی هوشیاری لە زیانەكانی ماددەی هوشبەرمان لە ناو ناوەندكانی خوێندن ئەنجامدا و یەكێكیتر لە بواری كاركردمان بابەتی پێگەیاندن بوو، چونكە دەزانین كوڕ و كچی ئێمە تامەزرووی فێربوونن ئیجا لە بابەت فێربوونی زمانەوانی بێت یاخود تەكنەلۆجیا كە لە هەردوو بابەتەكەدا چەندین خولی بێبەرامبەرمان كردووەتەوە كە نزیكەی 1000 گەنج سوودمەند بوونە لە خولەكانی بێبەرامبەری ئاڤاشین، بۆ ئەمەش بە بێ هاوكاری نووسینگەی رێزدار مەلامستەفا بارزانی و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بێ شك نەمادەتوانی ئەنجامبدەین، بەڵام خۆشبەختانە ئەوان هاوكاری ئێمەن”.
سەرۆكی ڕێكخراوی ئاڤاشین، ئاماژەی بەوەشدا: “سەبارەت بە پلان و بەرنامەكانمان بۆ داهاتوو، پلانی كورت خایەن و دێژخانەیمان هەیە، هەر لە سەرەتای ساڵی نوێ بە كۆمەڵێك چاڵاكی دەستمانپێكرد كە دیارترینیان خولی (ماڵی ئاڤاشین بۆ پێگەیاندن)بوو كە نزیكەی 250 گەنج لە هەردوو ڕەگەز تیادا بەشدار و سوودمەند بوون، بۆ ئێستاش دوای تەواو بوونی تاقیكردنەوەكان بە هاوكاری و پاڵپشتی نووسینگەی رێزدار مەلامستەفا بارزانی كومەڵێك خولی بێبەرامبەر دەكەینەوە، بەڵام ئەمجارە تەنها لە قەزای ناوەندی سۆران نا، بەڵكۆ لە پلانماندایە لە خەلیفان و رواندز خولی بێ بەرامبەری زمانەوانی ئەنجامبدەین”.
دەربارەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەكانیان سەرۆكی ڕێكخراوی ئاڤاشین، ڕایگەیاند: “خۆشبەختانە بۆ كاركردن هیچ ئاستەنگێكی وا لە بەردەم خۆمان نابینین، چونكە توانا و وزەی ئەندامانی خۆبەخشی رێكخراوەكەمان بەرگەی هەموو ئاستەنگێك دەگرن، بەڵام یەكێك لە ئاستەنگەكان كە پێمانوایە زۆربەی سەنتەر و رێكخراوەكان ئەو گرفتەیان هەیە، كە ئەویش نەبوونی بارەگایە بۆ رێكخراوەكەمان، كە نەبوونی شوێن كە ناتوانین وەكو پێویست كۆبوونەوەی خۆمان بكەین، یانپێشوازی و دانیشتن لەگەڵ میوانەكان بكەین، بۆ ئەو مەبەستەو بوونی بارەگاو شوێنێكی تایبەت بەخۆمان، نووسراوی فەرمیمان ئاڕاستەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی سۆرانمان كرد، بەڵام تاكۆ ئێستا بێ وەڵامن.