” نەبوونی ئوفیس و شوێنی تایبەت بە ڕێكخراوەكەمان، یەكێكە لە كێشەو گرفتەكانمان “
دیدار-محەمەد هەسنانی
سەرۆكی ڕێكخراوی بازان ئینستتیووت، لە دیدارێكی زاری كرمانجی تیشكدەخاتە سەر كارو چالاكییەكانیان و دەشڵێت: “زۆری چاڵاكی و بەردەوامی ناپێویست لای ئێمە رەتكراوەتەوە، بۆیە ئێمە كار یان دەرفەتێك ڕاناگەیەنین كە لە چوارچێوەی كار یان دوای چاڵاكیمان گەنج نەتوانێ مومارسەی تواناكانی بكات و سوودمەند نەبێت لێی.
محەمەد مەسیح، سەرۆكی ڕێكخراوی بازان ئینستتیووت، بە زاری كرمانجی گووت: ” ڕێكخراوەكەمان لە 30ی4ی2024 كۆمەڵێك گەنجی ئامانجدار و چاڵاك و خاوەن خەونی مەزن، بۆ بەرەوپێشبردنی توانای گەنج و لاوانی سۆران بەتایبەت و كوردستان بەگشتی دامەزرا، ناوی بازان، كورتكراوەی بازە، واتە چەند یاخود چەندین باز، كە ئاماژەیە بۆ خێرایی و هێزی گەنجان هاوشێوەی بازەكان باز بەدوای خەونی مەزنیان بكەون و بۆ گەیشتن بە خەونەكانیان و بەرەوپێش بردنی زیاتری كوردستان، بە مانایەكی تر بازدانە بۆ قوناغێكی تری تازە دوای پێگەیشتن، بتوانن بەو زانست و توانای هەیانە گوڕانكاری لە خوودی خۆیان و كۆمەڵگە بكەن و بە ئامانجی پێشكەوتن”.
سەرۆكی ڕێكخراوی بازان ئینستتیووت، ئاماژەی بەوەشدا: ” كاروچاڵاكیەكانمان بە شێوەیەكی گشتی لە بواری پەرەپێدانی مرۆیین، بەتایبەت بەهێزكردنی توانا سەركردەییەكانی گەنجان و بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریان، لەگەڵ ئەوەشدا قورسە باس لەوە بكەین ئایا چەندە گۆڕانكاریمان كردووە، یان ڕێژەی سوود گەیاندنمان بە گەنجان، بەڵام ئێمە وەك بازان سیاسەتی كاری ئێمە ئەوە بووە كاری جۆری و شایستە بە گەنجانی دەڤەرەكەمان بكەین، زۆری چاڵاكی و بەردەوامی ناپێویست لای ئێمە رەتكراوەتەوە، چونكە دەستەی دامەزرێنەران و ئەندامان بەگشتی گەنجانی تازە و دیدگای نوێیان هەیە بۆ پرسی گەنج و لاوان، بۆیە ئێمە كار یان دەرفەتێك ڕاناگەیەنین كە لە چوارچێوەی كار یان دوای چاڵاكیمان گەنج نەتوانێ مومارسەی تواناكانی بكات و سوودمەند نەبێت”.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا محەمەد مەسیح، سەرۆكی ڕێكخراوی بازان ئینستتیووت، هێمای بۆ ئەوەكرد: ” لەم مانگە ڕێكخراوەكەمان پێیی نایە ساڵی دووەمی تەمەنی، بۆیە پلان و كاری ئێمە وەك بازان بە دڵنیاییەوە دەبێ جیاوازتر و گەورەتر بن، وێڕای ئەوەی بازان بە ئەركی خۆی دەزانێ لە ڕێگای پەیوەندییەكانی دەرفەتی كاریش بۆ ئەندام و دوستانی فەراهەم بكات، لە ڕووی چاڵاكییەوەش جیا لە ئاستی ناوخۆ، دەست بە چاڵاكی نێودەوڵەتی دەكەین، هەوڵدەدەین سوود لە توانای گەنجانمان وەربگرین بۆ ئەوەی شانبەشانی گەنجانی وڵاتانی تر، گەنجانی ئێمەش مۆمارسەی توانا سەركردایەتییەكانی بكات”.
سەرۆكی ڕێكخراوی بازان ئینستتیووت، نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەوەی كە نەبوونی ئوفیس و شوێنی تایبەت بە ڕێكخراوەكەیان، یەكێكە لە كێشەكانیان هیواداربوو لە هەمبەر خزمەت و كاری خۆبەخشی حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕێكی جددی و بەپەلە لەو سەنتەرو ڕێكخراوانە بدەنەوە كە بەشێوەی كرداری كاردەكەن، بە دابین كردنی شوێنێك وەك بارەگا بۆیان، بۆئەوەی ئێمەش بتوانین بە شێوازێكی تر و هێزێكی زیاتر خزمەت بە كۆمەڵگە و توێژی گەنج بكەین لەم دەڤەرە.