ڤلادیمێر پوتین سەرۆک کۆماری روسیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکات بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی دیپلۆماسی بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکانی ئەم دواییەی نێوان دوو وڵات.
پوتین ڕۆژی هەینی لە وتارێکدا جەختی لەوە کردەوە: ڕووسیا لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ دۆستانی ئێرانی و ئیسرائیلی و لەگەڵ هەردوولا بیرۆکە ئاڵوگۆڕ دەکەین. “لە ئێستادا ئەم پێشنیازانە لە ژێر پێداچوونەوەدان”.
سەرۆکی ڕوسیا ڕەتیکردەوە وردەکاری لەسەر ئەو پێشنیازانە بخاتەڕوو، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، مۆسکۆ بەدوای ڕێگەچارەیەکی سیاسیدا دەگەڕێت بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانەی ئێستا.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وتەبێژی کرێملین هەروەها باسی لە بوونی “تێگەیشتنی هاوبەش” لە نێوان مۆسکۆ و تەلئەبیب سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی شارەزایانی ڕووسی کە لە بنکەی ئەتۆمی بوشێهر جێگیرکراون، کرد.
پوتین دووپاتی کردەوە: باوەڕم وایە چارەسەرێکی دیپلۆماسی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە.
































































