زاری كرمانجی-سۆران:
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند؛ بەرزکردنەوەی نرخی خۆراک و کەلوپەل بە هۆکاری جەنگ، کارێکی حەرام و نادروستە.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی حوزەیران، “عەبدوڵڵا شێرکاوەیی”، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان رایگەیاند: بە هۆکاری شەڕی نێوان ئیسرائیل وئێران، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بشێوی دروست بووە؛ بە هۆی ئەوەی دەگوترێت خۆراک و کەلوپەل لە دەروازە سنورییەکانەوە هاوردەناکرێت و نرخەکان بەرز دەبنەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ شتێکی لەم جۆرە لە ئارادا نییە. بازرگانان و دووکاندارانیش ئەم دەرفەتەیان قۆستووەتەوە بۆ بەرز کردنەوەی نرخەکان”.
هەروەها گوتیشی ئەم کارەی بازرگانان و دووکانداران دەبێتە هۆی کێشە بۆ هاووڵاتییان و دروستبوونی بشێوی لە بازاڕەکان. باسی لەوەش کرد ”زیادکردنی نرخی خۆراک و کەلوپەل لەو بارودۆخەی ئێستادا بە هەموو شێوەیەک حەرامە و کارێکی نادروستە”.
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان باسی لەوەش کرد ئەگەر هاتوو دەروازەکان داخران و جەنگەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوو و نرخەکان بە گشتی گۆرانکاریی گەورەیان بەسەردا هات و بابەتەکە لە دەستی ئەواندا نەبوو، ئەو کاتە کێشە نییە بەڵام لە ئێستادا کارێکی حەرامە.
16ـی حوزەیران، نەوزاد شێخ کامیل، بەرێوبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ ”تاوەکوو ئێستا دەروازە سنوورییەکان دانەخراون و کۆگاکان پرن لە خۆراک، هیچ مەترسییەک نییە، تاوەکوو ساڵی داهاتووش خۆراک هەیە”.