بڕیارە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە، کۆبوونەوەکەش بەئامادەبوونی هەموو ئەندامەکانی دادگا و ئەندامێکی یەدەگ بەڕێوە دەچێت.
سەرۆکی دادگای فیدراڵی داوای لە ئەندامانی دادگا کردووە بۆ ڕۆژی پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، ئامادەی کۆبوونەوە بن بۆ دەرکردنی بڕیاری فەرمانسالاری بۆ دەست پێ کردنەوەی خەرجکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
هەر لەو بارەوە دوێنێ، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە بابەتی بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا کرد و گوتی: بە هەموو شێوەیەک، لە هەوڵ و کارکردنمان بەردەوامین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و بۆ ئەم مەبەستەش لەم یەک دوو ڕۆژەی دوایی، نامەیەکمان بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریبوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.
سەرۆک وەزیران گوتیشی: هیوادارین دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەکەدا بڕیارێکی ئەرێیی و لە قازانجی خەڵکی کوردستان بدات ، بە تایبەتیش کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و خوازیارە لە بەرامبەریشدا ، ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی بگیرێت و شایستە داراییەکانی بنێردرێت.
هەروەها پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیویەتی: لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند “گرنگترین بابەت کە دەست بە قسەکانم بکەم لەم کۆبونەوەیەدا بابەتی موچەیە.”
ئاماژەشی داوە، کە دوو ڕۆژ لەمەوپێش، سەرۆک وەزیران نامەیەکی تایبەتی بۆ دادگای فیدراڵی عێراق ناردووە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.