“فراوانی سنوورەكە ڕێگرە لە بەدواداچوونەكانمان بۆ چارەكردنی كێشەكان”
مستەفا دۆلەمەری – زاری كرمانجی:
مامۆستا حەسەن محەممەد ساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران، لە دیدارێكدا لەگەڵ زاری كرمانجی باس لە پرۆسەی پەروەردە و فێكردن و ئاستی قوتابییان دەكات و تیشكدەخاتە سەر كەمی بینا و میلاك. دووپاتیشی كردەوە، زیاتر لە دەیان گەرەكی شارەكە بێ بەشن لە بینای قوتابخانە، یان ئەگەر بینایان لێ بێت بە كەڵكی خوێندن ناهێن.
لە دەستپێكی قسەكانیدا بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران، دەڵێت: لە مامۆستایان، فەرمانبەر و قوتابییان، سەردانی زۆری هاووڵاتیان و گشت چین و توێژەكان هەڵبەت بێ كێشە و گرفت نابین، بەڵام توانیومانە كەمترین كێشەمان بێتە پێش و پێشكەشكردنی جوانترین خزمەت لە كارە پێشینەكانمان بووە، وەك سەرۆكی حكوومەتی هەرێم مەسرور بارزانی دەڵێت (هەموومان خزمەتكاری خەڵكی خۆمانین و ئەركی ئێمەیە بە باشترین شێوە خزمەت بكەین) بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كێشە و كەمی میلاكاتمان هەبووە و توانیومانە بەردەوامبین لە پڕۆسەی پەروەردە زۆر بە سەركەوتووانە بە هاوكاری مامۆستایان و فەرمانبەرانمان گشت كێشە و ئالنگاریەكان تێ بپەڕێنین و سەركەوتنی گەورە تۆمار بكەین ئاستی زانستی قوتابییەكانمان بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرز بكەینەوە، ڕەزامەندی كەسوكاری قوتابییان بە دەستبهێنین و متمانەی تەواو لە نێوان خۆمان و فەرمانبەران و هاوشاریانمان دروست بكەین ئەوەی پێمان كرا زیاد لە توانای خۆشمان كردوومانە لە فید باكی ڕۆژانەماندا كە بۆمان گەڕاوەتەوە زۆر لە كارەكانمان ڕازین، بەڵام هێشتاش لە تموع و خواستی ئێمەدا نییە.
حەسەن محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران، ناشی شارێتەوە:” ساڵ بە ساڵ جیاوازی دەبێت لە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن، بۆیە ناتوانرێت بە ناوهێنان جیاوازیەكان دیاری بكەین، بەڵام زۆر بە باشی و بە ڕوونی دەبیندرێت كە ئەم ساڵ مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابییان و كەسوكاریان چەندە ڕازین و چەند متمانەیان بە ئێمە هەیە ئەوە زۆر جێگای دڵخۆشییە بۆ ئێمە، بەهۆی كەڵەكە بوونی كێشەی زۆر لە ڕابردوو كەمێك كارەكان بە سستی دەڕۆن، بەڵام جیاوازیەكان دەبینرێن.
دووپاتی كردەوە، بەشێكی زۆری بینای قوتابخانەكانی سنوورەكەمان وەكو پێویست نین و فراوانی سنووری جوگرافی ڕێگرە لە بەدواداچوون و چاودێری كردنێكی زۆر باش و كەمی میلاكات و كەلوپەلی پێویست و بەدەمەوە نەهاتنی خەڵك و لایەنی پەیوەندیدار بۆ چارەسەر كردنی كێشە و گرفتەكانی قوتابخانەكان، بە شێوەیەكی گشتی پەروەردەی سۆران خۆی لەم چەند كێشە و گرفتە دەبینێتەوە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران، دەشڵێت: داوا دەكەین لە لایەنی پەیوەندیدار لە پاڵ خزمەتگوزاریەكانی ئەم شارە ئاوڕێك لە قوتابخانەكان بدەنەوە و لە چەند گەڕەكێكی ئەم شارە قوتابخانە نییە یان قوتابخانەكان كرێن یان شیاوی خوێندن نین ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن، بەوەش پڕۆسەی پەروەردە دەچێتە قۆناغێكی زۆر باش.
ئاماژەی بەوەشدا: چارەسەر كردنی بینا و میلاكات لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، ئەو دوو بابەتە بوونەتە كێشەی گەورە لەبەردەم پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن لە سنووری ئێمە، بەڵام هەرچۆنێك بێت بە هەوڵ و ماندوو بوون و دڵسۆزی مامۆستا و فەرمانبەرانمان توانیومانە كاریگەری خراپی ئەو كێشە و گرفتانە تێبپەڕێنین و دەستكەوتی زۆر باش بە دەست بهێنین كە لە ڕووی ئاستی زانستییەوە جێگەی دڵخۆشی ئێمەیە.
مامۆستا حەسەن محەممەد، بەڕیوەبەری پەروەردەی سۆران، جەختی لەوەشكردەوە: دیارینەكردنی ئاست بۆ قوتابییانی پۆلی ١٢ــی ئامادەیی بۆ ئەم ساڵ و ساڵانی داهاتوو بە لای ئێمەوە خاڵێكی زۆر باش دەبێت بۆ قوتابییان و كەسوكاری قوتابییان و بۆ ناوبانگی دەڤەری سۆرانیش ئێمە لە سۆران بە داتاو بە قسەی وەزارەتیش لە ڕیزی پێشی پێشەوەین لە دەرچوون و نمرەی بەرز ڕاستە یەكەم و دووەم و سێیەمی سەر ئاستی كوردستانمان نەبووە، بەڵام زۆرترین ڕێژەی بەرزی نمرە لە سنووری سۆران هاتووە ئێمە لە ساڵی ڕابردوو 7 قوتابی یەك قوتابخانە نمرەی بەرزیان بە دەستهێنا كە گشتیان لە كۆلێژی ئەندازیاری وەرگیران ئەوە مانای ئەوەیە ئاستی زانستی مامۆستا و قوتابییەكانمان زۆر بەرزە و مایەی شانازیە بۆ ئێمە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران، لە كۆتای قسەكانیدا، ئاشكرای كرد: ئامادەكاری تەواو كراوە لە لایەن لیژنەكانی پەروەردە و 4650 قوتابی پۆلی 12 بەژدارن لە تاقیكردنەوە گشتییەكانی ساڵ و لە 78 هۆڵ تاقیكردنەوە دەكەن گشت پێداویستی هۆڵەكان ئامادەكراون و باشترین ستاف و سەرپەرشتی و چاودێری پڕۆسەكە دەكەن و هیوادارین قوتابییەكانمان بتوانن نمرەیەكی زۆر بەرز بە دەست بهێنن.